رووداو دیجیتاڵ
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، سێ تەوەریان تاوتوێ کردووە، گرنگترینیان ئەوەیە "عێراق ئارامە و ناکرێت سازش لەسەر ئاسایشەکەی بکرێت."
ئێوارەی دوێنێ (هەینی، 13-12-2024) بلینکن بە سەردانێکی رانەگیێندراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
ئەمڕۆ (شەممە) باسم عەوادی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لە سەردانەکەدا باسی سێ تەوەر کراوە، یەکەمیان ئەوەیە عێراق ئارامە و ناکرێت سازش لەسەر ئاسایشەکەی بکرێت یان رێگە بە هەر گرووپێکی تیرۆریستی بچووک و گەورە بدرێت لە سنوورەکانی نزیک ببنەوە؛ یاخود کاریگەری لەسەر ئاسایش و یەکگرتوویی ناوخۆی هەبێت."
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر "ئامادەیی بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر عێراق،" کرایەوە.
عەوادی دەڵێت "عێراق هێشتا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق، هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنی تۆکمەیە و ئامادەیە بۆ شەڕکردن دژی هەر جووڵەیەک، کە هەڕەشە بێت بۆ سەر عێراق. گەرەنتی و پابەندبوونی روون هەیە لەوبارەوە."
سەبارەت بە بابەتی دووەم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەدا "واقیعی نوێی سووریا، تاوتوێ کرا. هەردوولا بیروڕا و زانیارییان ئاڵوگۆڕ کردووە، کۆک بوون لەسەر گرنگیی رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سووریا، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە گەورەکان، وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی پاڵپشتیی سووریای نوێ بکەن بۆ رێبازێکی دیموکراسی و پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر و حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو ئاراستە جیاوازەکانی سووریا بکات و رەزامەندیی گەلی سووریا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی لەسەر بێت."
سێیەم: "جەخت لەوە کرایەوە ناوچەکە لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە دۆخێکی گرژ و کاردانەوەی یەک لە دوای یەکی تووند دایە."
ئاماژەی بەوەشکرد "چارەسەرەکان لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و دوورکەوتنەوە لە زمانی هەڕەشەن، بە جۆرێک خۆنەخزێننە نێو قەیرانی دیکەوە."
عەوادی گوتی "عێراق جەختی لە ئامادەیی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەوەی رۆڵی پێویست و گرنگ بگێڕێت کە پاڵپشتی لە دیالۆگ و ئارامگرتن و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی ناوچەیی بکات."
رۆژی هەینی، 13-12-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی لەناکاو و رانەگەیێندراو گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. بلینکن لە گەشتێکی ناوچەکەدایە بۆ دۆخی سووریا. یەکەم وێستگەی لە ئوردن بوو، دواتر تورکیا و پاشان عێراق. بڕیارە سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.
باڵاترین دیپلۆماتی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بلینکن گوتی: "بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت، ئێمە پابەندین بە کارکردن بۆ ئاسایشی و سەروەریی عێراق، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە عێراق بەهێز و پارێزراوە."
وەزیرە ئەمریکییەکە گوتیشی: "پێموایە ئەمە کاتێکی باشە بۆ عێراق بۆ ئەوەی سەروەری و سەقامگیریی خۆی بەهێز بکات. هیچ لایەنێک لە عێراق زیاتر لە گرنگیی سەقامگیری و سەرهەڵنەدانەوەی داعش نازانێت. ئێمە پابەندین بەوەی داعش دووبارە نەژیێتەوە."
سەردانی بلینکن بۆ ناوچەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریر شام دەستیان بەسەر شاری دیمەشق دا گرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا هێنا. دواتر رووسیا رایگەیاند، بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەریێتییان پێدراوە.
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی بڵاویکردەوە "لە کۆبوونەوەکە دا سەرنجی گفتوگۆکان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش و دۆخی ناوچەکە بەتایبەت پێشهاتەکانی سووریا بوون. دۆخی سووریا پێویستیی بە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی ئاسایشی سووریا بەهێزبکرێت و لە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دڵنیابینەوە."
نووسینگەکە رایگەیاند "سەرۆکوەزیران، هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانیکردنی سووریا لەم قۆناخە هەستیارە دا دووپاتکردەوە، جەختی لەوە کردەوە گرنگە وڵاتە هاوڕێکان یارمەتیی بنیادنانەوەی سووریا و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان بدەن. سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە؛ گرنگە هەموو پێکهاتەکانی سووریا نوێنەرایەتییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکە هەبێت، تاوەکو سەقامگیرییان پێشبخەن. عێراق چاوەڕێی کردارە نەوەک تەنیا وشە، لەوانەی کە ئێستا قۆناخی راگوزەریی سووریا بەڕیوەدەبەن."
عێراق و سووریا هێشتا لەژێر کاریگەریی پەلامارەکەی داعش ماون، کە 10 ساڵ لەمەوبەر رووبەرێکی فراوانی خاکی هەردوو وڵاتی داگیرکرد.
دوای ئەوەی بە هێلیکۆپتەرێک گوازرایەوە نێوەڕاستی بەغدا، بلینکن ستایشی ئاوەدانیی عێراقی کرد و گوتی، "سەرکەوتنی پیشانداوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، بلینکن هاوڕایی عێراق و ئەمریکای دووپاتکردەوە لە پێویستیی رێزگرتن لە بژاردەی گەلی سووریا، هەروەها کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، "کە خواستی خەڵکی سووریا تێیدا رەنگبداتەوە."
بلینکن لە کۆبوونەوەکە، باسی "گرنگیی رۆڵی عێراقی لە ناوچەکە دا کردووە و باسی ئەوەی کردووە، عێراق هاوبەشێکی گرنگە و بە پێویستی زانیوە لەم دۆخەی ئێستا راوێژ بە عێراق بکرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی بەغدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی "بلینکن جەختی لە پابەندیی ئەمریکا بۆ هاوبەشیی ستراتیجیی عێراق کردەوە و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ پرۆسەی سیاسیی سووریا دووپاتکردەوە."
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "بلینکن داوایکرد، پێویستە پرۆسەی راگوزەری سووریا رێز لە مافی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بگرێت. پێویستە ژنان، کەمینەکان، ناوچە ئایینی و پیرۆزەکانی سووریا بپارێزرێن. هاوکاریی مرۆیی بۆ سووریا بەردەوام بێت."
رۆژی 11-12-2024 بلینکن، کە کەمتر لە مانگێکی لە پۆستەکەی ماوە لەم کابینەیەی ئەمریکا، لە شاری عەقەبەی ئوردنەوە گوتی "هەموو ئەو سەرکردانەی لە ناوچەکەدا قسەم لەگەڵیاندا کردووە، هاوڕابوون لەسەر رێبازێکی گشتگیر بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێو سووریا بکرێت."
بلینکن، هەروەها گوتی "چاومان لەوەیە سووریا وەک بنکەیەکی تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی بەکارنەهێنرێت، هەروەها هاوپەیمانیی گرووپە هاوشێوەکانی داعش نەکات."
بلینکن دوای عێراق گەڕایەوە عەقەبەی ئوردن. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن "بلینکن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی وەزاری دەکات بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنەوەی دامەزراوە حکومییەکانی سووریا؛ بەجۆرێک یەکڕیزی، سەلامەتیی خاک، سەروەری، سەقامگیری و مافی هەموو هاوڵاتییانی سووریا پاریزراوبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ