باڵیۆزی ئەمریکا دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری دەکات

15-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران، دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەکات لە بەرامبەر دەستگیرکردنی بەشێک لەو کەسانەی رۆژی هەینی رابردوو بە مووشەک هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و دەڵێت، "ئەمریکییەکان لەسەر داوای عێراق لەم وڵاتەن".
 
شەوی پێنجشەممە، 14-12-2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە رۆژی هەینی رابردوو هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری دەکەین بەهۆی سەرکەوتنیان لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەو کەسانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر باڵیۆزخانەکەمان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و باڵەخانەکانی دیکەی حکومەت".
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لەگەڵ نووسینەکەی بەش کردووە، دەڵێت، "ئەو ئەمریکییانەی لە وڵاتن لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێن. سەروەریی عێراق و سەربەخۆییەکەی پارێزراوە".
 
رۆژی 14-12-2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەو دەستدرێژییە"ی لە حەوتی کانوونی یەکەمی 2023 باڵیۆزخانەی ئەمریکا، باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە باڵەخانەکانی حکومەتی کردە ئامانج، "دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق".
 
لەبارەی ئەو کەسەی لە 7ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لیوا یەحیا رەسوول گوتی، "دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و تەکنیکی، دەزگا ئەمنییەکانمان توانیان ناسنامەی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بە داخەوە هەندێکیان پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە".
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 7-12-2023، بە ژمارەیەک مووشەک هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت. باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات. 
 
ئێوارەی هەمان رۆژ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق کرد و نووسینگەکەی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت