کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: لە پلانماندا نییە کامپ بۆ لوبنانییەکان دروستبکەین

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "لوبنانییەکان پەنابەر نین، بەڵکو میوانن. هیچ بەرنامەیەکیشمان نییە کەمپیان بۆ دروست بکەین، چونکە میوان لە کەمپ دانانرێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024 کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی میوانە لوبنانییەکانمان گەیشتووەتە 8000 هەزار کەس کە لە پارێزگاکانی بەغدا، کەربەلا، نەجەف و سەڵاحەدین نیشتەجێ کراون."
 
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "ئەو میوانانەمان بەشێکیان لە ماڵی هاووڵاتیان دەمێننەوە و بەشێکی دیکەشیان لە شوێنی تایبەت بە میوان، هۆتێل و باڵەخانە حکومی و ناحکومییە چۆڵەکان نیشتەجێ کراون. لە بەرنامەماندا نییە کە کەمپیان بۆ دروست بکەین، چونکە ئەوانە میوانمانن نەوەک پەنابەر. میوانیش لە کەمپ داناندرێت."
 
8ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی سێ ملیار دیناری وەک هاوکاریی بۆ هاووڵاتییە لوبنانییەکانی وڵاتەکەی دەرکرد.
 
کەریم نووری دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران تەرخانی کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی نێوماڵ، پێداویستییە سەرەتایی و لۆجیستییەکانە، چونکە لوبنانییەکان بە دەستی بەتاڵ هاتوونەتە عێراق."
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، "ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لوبنان کۆتاییان بێت، ئەو میوانانەمان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام هەر کەسێکیشیان ویستی گەڕانەوەی نەبوو، ئێمە هەرگیز بە زۆر ناینێرینەوە."
 
دۆخی باشووری لوبنان لە مانگی رابردووەوە ناسەقامگیریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و تاوەکو دێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆژێکی خۆڵبارین لە ناوچەی شۆریجەی بەغدا، 3-7-2022. وێنە: Reuters

پێگەیەکی جیهانی: هەوای بەغدا پیسە و ماسک ببەستن

چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوبووەتەوە. بەگوێرەی پێگەیەکی جیهانی، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە. ژینگە و کەشناسیی عێراق، بەکارهێنانی سووتەمەنی خراپ لە پاڵاگە و کارگەکان، بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەزانن.