رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، رێکاری تووند بۆ پاراستنی ژینگەی عێراق گیراوەتەبەر و ژمارەیەک کارگە کە ژینگەی شارەکەیان پیس دەکرد داخراون.
رۆژی چوارشەممە، 13-11-2024، لوئەی سادق موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رێکارەکانی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ژینگەی بەغدا، 144 کارگە داخراون، کە بە شێوەیەکی نایاسایی کاریان دەکرد و مەرجی ژینگەییان نەبووە و دووکەڵیان زۆریان دەردەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق پێیوایە، ئەو پیسبوونەی لە بەغدا هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەردانی گازی ژەهراوی، بەکارهێنانی سووتەمەنی کوالێتیی نزم لەلایەن هەندێک کارگەکان، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا.
موەلیدە ئەهلییەکانیش بە یەکێک لە پیسکەرە سەرەکییەکانی هەوای بەغدا دادەندرێن، بە تەنیا لە پارێزگای بەغدا 11 هەزار 700 موەلیدە هەن، کە رۆژانە لانیکەم 12 کاژێر کاردەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق گوتی: "پۆلیسی ژینگە و بەرگریی شارستانی و ئۆپەراسیۆنەکان بەغدا کۆمەڵێک رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ژینگە، لەوانە 364 شوێنیان لە تەواوی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داخستووە." هەروەها گوتی: "28 ئاگادارکردنەوە دراوەتە شوێنەکان، ژمارەیەک کارگەی خشت داخراون، لەگەڵ 144 کارگە بە شێوەیەکی نارێکخراویی کاریان توانەوەی کانزاکانیان کردووە. چاودێری تووندیش خراوەتە شوێنەکانی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک بۆ رێگری لە سووتاندنی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ