رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی دەریاچەی حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالە کە هاوکات بەنداوی حەمرینیشی لەسەرە، بە تەواوی وشکبووە، ئەوە لەکاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردوو دەریاچەکە 70٪ـی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری دیالەی دابین دەکرد.
هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی بەشێکی ئەو دەریاچەیە دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە لە رۆژھەڵاتی کوردستان. ئێران لەڕێگەی گڵدانەوەی هەشت بەنداو، زیانی بە ژێرخانی ئاوی پارێزگای دیالە گەیاندووە. جگە لەوەش وشکەساڵی رووبەرێکی فراوانی لە سنوورەکە کردووەتە بیابان.
قەیرانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە زیادبووندایە و هەڕەشە لە کارەساتی ژینگەیی داهاتووی وڵات دەکات، دەریاچەی حەمرین لە سنووری دیالە بەهۆی وشکبوونییەوە، مەترسی لەسەر سەرچاوەی داهاتی بەشێک لە خەڵکی سنوورەکە دروستکردووە کە بەشێکیان بۆ کشتوکاڵ و راوەماسی سوودیان لێی دەبینی.
لە دیالە چوار بەنداو هەن. بەنداوەکانی ئەڵوەن، حەمرین، قەزانییە و مەندەلی.
بەنداوی حەمرین لە ساڵی 1981 لەسەر رووباری سیروان دروستکراوە، توانای ھەڵگرتنی یەک ملیار مەترچوارگۆشەی ئاوی ھەیە.