13-04-2024
05:57
ئەمریکا یارمەتیی ئیسرائیلی داوە بۆ تێکشکاندنی درۆن و مووشەکەکانی ئێران
کۆبوونەوەی بایدن و تیمەکەی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان
سەرۆکی ئەمریکا دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی سیستمی بەرگریی ئەوانەوە، ئیسرائیل بە نزیکەی هەموو درۆن و مووشەکەکانی ئێرانی تێکشکاندووە.
جۆ بایدن بە بنیامین نەتەنیاهووی گوتووە کە ئیسرائیل توانایەکی باشی پێشانداوە لە بەرگریکردن لە خۆی و کە ئەوەش پەیامێکی روونە بۆ دووژمنەکانی بەوەی ناتوانن هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکەن.
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، "ئەمڕۆ ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی لە یەمەن، سووریا و عێراقەوە هێرشێکی ئاسمانیی چاوەڕواننەکراویان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل. من بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم."
جۆ بایدن باسی هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە و دەڵێت: "بە فەرمانی من و بۆ پاڵپشتیی بەرگریی ئیسرائیل، لە هەفتەی پێشوودا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و سیستمی تێکشکێنەری مووشەکی بالیستی لە هەرێمەکە جێگیرکرد. کە بەهۆی ئەو سیستمانە و توانا و شارەزایی سەربازانمان، هاوکاریی ئیسرائیلمان کرد کە نزیکەی هەموو ئەو مووشەک و درۆنانە بەرپەرچ بداتەوە کە ئاراستەی کرابوون."
جۆ بایدن باسی هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە و دەڵێت: "بە فەرمانی من و بۆ پاڵپشتیی بەرگریی ئیسرائیل، لە هەفتەی پێشوودا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و سیستمی تێکشکێنەری مووشەکی بالیستی لە هەرێمەکە جێگیرکرد. کە بەهۆی ئەو سیستمانە و توانا و شارەزایی سەربازانمان، هاوکاریی ئیسرائیلمان کرد کە نزیکەی هەموو ئەو مووشەک و درۆنانە بەرپەرچ بداتەوە کە ئاراستەی کرابوون."
05:12
فریاکەوتنی ئیسرائیل: هیچ کەسێک راستەوخۆ بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە بریندار نەبووە
فریاکەوتنی ئیسرائیل: هیچ کەسێک راستەوخۆ بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە بریندار نەبووە
بەپێی تیمەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل، هیچ کەسێک راستەوخۆ بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بریندار نەبووە، بەڵام چارەسەریان بۆ 31 کەس کردووە کە لەکاتی هەڵاتن بۆ پەناگەکان بە سووکی برینداربوون.
ئەوەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراوەتەوە تەنیا منداڵێک برینداربووە کە برینەکەی سەخت بێت، ئەویش پارچەی ئەو مووشەکانە بەر سەری کەوتووە کە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تەقێندراون بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکان.
03:44
ئیسرائیل بەشێکی دیکەی زیانی هێرشەکەی ئێران رادەگەیێنێت
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زۆربەی مووشەکەکانی ئێرانیان بەرپەرچداوەتەوە کە زیاتر لە 200 درۆن و مووشەک بوون. هەروەها دەڵێت، "زیانێکی کەم بەر بنکەیەکی سەربازیمان کەوتووە."
بەو پێیەبێت، تائێستا هێرشەکانی ئێران دوو زیانیان لێکەوتووەتەوە بۆ ئیسرائیل، زیانگەیاندن بەو بنکەیە و برینداربوونی کچێکی 10 ساڵان.
بنکەکە دەکەوێتە باشووری ئیسرائیل، بیابانی ناگڤ، نزیک شارۆچکەی ئەراد.
لەلایەکی دیکەوە میدیای فەرمیی ئێران دەڵیت، هێرشەکەیان گورزێکی قورسی لە بنکەیەکی ئاسمانیی بیابانی نەقەب داوە.
بەرپرسێکی ئێرانی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: "گرنگترین بنکەی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە نەقەب، بە سەرکەوتوویی بووە ئامانجی مووشەکی خەیبەر. وێنە و داتاکان پێشانیدەدەن کە بنکەکە گورزێکی سەختی بەرکەوتووە."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر هێرشەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و میدیای ئیسرائیلیش دەڵێت، کابینەی جەنگی خوێندنەوە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکات.
هاوکات، ئێران دەڵێت، دوودڵ نابێت لە بەرگری لەخۆکردن ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەرکۆنەی ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە دەکەم کە خۆی لە هێرشی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلدا دەبینێتەوە و داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەم دووژمنکارییانە دەکەم.
گۆتێرێز دەڵێت، نە ناوچەکە و نە جیهانیش بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن.
03:04
سوپای پاسداران هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا دەکات لە ئەگەری زیانگەیاندن بە ئێران
سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "هەر جۆرە پشتیوانی و بەشداریکردنێک لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدواوە دێت". هەروەها هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش و دەڵێت: "ئەگەر لە هەر کام لەو وڵاتانەوە هەر هەڕەشەیەک رووبدات، ئێران وەڵامێکی گونجاوی بۆ دەبێت."
سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیێندراوی دووەمی بڵاوکردەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە دووەمین راگەیێندراویدا رایگەیاندووە، "دوای زیاتر لە 10 رۆژ بێدەنگی و پشتگوێخستنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتیش ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شەرمەزارکردنی دەستدرێژی و تاوانکاریی رژێمی زایۆنی لە هێرشکردنە سەر بەشی کۆنسوڵخانەی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق وەک بەشێک لە خاکی وڵاتمان و شەهیدکردنی 7 کەس لە راوێژکارە یاساییەکانی وڵات و سزانەدانی رژێمی تاوانکار، بەپێی بڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ گیانبەخشەکانی (سەرباز) سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە وەڵامی ئەو تاوانانە و جێبەجێکردنی هۆشدارییەکانی پێشوو و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی ئێران و بە مەبەستی سزادانی دەستدرێژکار، بە کەڵک وەرگرتن لە توانا ستراتیژییەکانی هەواڵگری، مووشەکی و درۆنییەکانی، هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییە گرینگەکانی سوپای تیرۆریستی زایۆنی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا و بە سەرکەوتوویی ئەو ئامانجانەی پێکا و لەناوی بردن."
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە ئەگەری پشتگیریکردنی لە ئیسرائیل و زیانگەیاند بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و دەڵێت: "هۆشداری دەدرێتە حکومەتی تیرۆریستی ئەمریکا کە هەر جۆرە پشتیوانی و بەشداریکردنێک لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدواوە دێت، هەروەها ئه مریکا بەرپرسە له کردەوە خراپه کانی رژێمی زایۆنی و ئەگەر ئەم رژێمه منداڵکوژە له ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەبێت لێکەوتەکانی قبووڵ بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران پابەندە بە سیاسەتی دراوسێیەتی باش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هەموو دراوسێکانی، بەڵام ئەگەر لە هەر کام لەو وڵاتانەوە هەر هەڕەشەیەک رووبدات، "ئێران وەڵامێکی گونجاوی بۆ دەبێت."
سوپای پاسداران لەوبارەیەوە دەڵێت: "وێڕای جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی دراوسێیەتی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە، رادەگەیێندرێت کە لە هەر وڵاتێکەوە هەر هەڕەشەیەک لەلایەن دەوڵەتی تیرۆریستی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەبێت، رووبەڕووی وەڵامێکی گونجاوی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت."
لە راگەیێندراوەکەیدا سوپای پاسدران دەڵێت: "نەتەوەی قارەمانی ئێران دڵنیا دەکەینەوە کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هێزە چەکدارەکانی دیکەی وڵات، لە پێناو بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان تا مەرگ دەوەستن و هەوڵی دوژمنان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی خەڵک تێکدەشکێنن."
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی نیسانی 2024 لە یەکەمین راگەیێندراویدا رایگەیاند، بە ئاراستەکردنی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و ئاماژەوە بەوە کرد کە ئاراستەکردنی ئەو مووشەک و درۆنانە وەڵامێکە بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە.
02:36
یەکەم برینداری هێرشەکانی ئێران لە ئیسرائیل راگەیێندرا
یەکەم برینداری هێرشەکانی ئێران لە ئیسرائیل راگەیێندرا
بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل منداڵێکی 10 ساڵان لە شاری بێدویین برینداربوو و تیمە پزیشکییەکان چارەسەری بۆ دەکەن.
تیمەکان دەڵێن، برینی ئەو منداڵە 10 ساڵانە قورسە و دۆخەکەی جدییە.
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو منداڵە بە پارچەی مووشەکەکان برینداربووە یان بە مووشەکی ئەو سیستمە بەرگرییانەی مووشەک و درۆنەکانیان پێ دەخرێنەخوارەوە.
01:42
سیستمی بەرگریی ئەمریکی و بەریتانی ژمارەیەک لە درۆنەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە
سیستمی بەرگریی ئەمریکی و بەریتانی ژمارەیەک لە درۆنەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان ژمارەیەک لەو درۆنانەی خستووەتەخوارەوە کە ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون، بەڵام چۆنیەتی و شوێنی خستنەخوارەوەی درۆنەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلی بۆ رادیۆی سوپا دەڵێت، زیاتر لە 100 درۆن لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل و لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە تێکشکێندران.
01:24
یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکات
جۆسێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمایەتی.
00:56
زانیاریی نوێ لە ئیسرائیلەوە
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، لە کۆمەڵگەکانی نزیک سنووری لوبنان زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ئێران زیاتر لە 100 درۆنی هاویشتووە.
زیاتر بخوێنەوە
00:42
ئێران: هەر وڵاتێک ئاسمانەکەی بۆ ئیسرائیل بکاتەوە بە تووندی وەڵامی دەدەینەوە
محەممەد رەزا ئاشتییانی، وەزیری بەرگریی ئێران رایدەگەیێنێت، بە تووندی وەڵامی هەر وڵاتێک دەدەینەوە کە ئاسمانەکەی بۆ ئیسرائیل بکاتەوە تاوەکو هێرشبکاتە سەرمان.
ئاژانسی هەواڵی میهر ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە.
00:27
هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە بێباکانەکەی ئێران دەکات بۆ سەر ئیسرائیل و بەو هێرشە ئێران جارێکی دیکە پێشانی دا کە تۆوی ئاژاوە لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی خۆیدا دەچێنێت.
سووناک دەڵێت، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و هەموو هاوبەشە هەرێمییەکانمان لەنێوانیاندا عێراق و ئوردن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی گوتووە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە هەوڵی سەقامگیرکردنی دۆخەکەدان تاوەکو رێگە لە گرژتربوونی دۆخەکە بگرن. "هیچ کەس نایەوێت خوێنڕشتنی زیاتر ببینێت."
00:09
تاوەکو ئێستا چی لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەزانین
تاوەکو ئێستا چی لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەزانین
- ئێران بە نزیکەی 50 درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکی کرووز بەکارهاتووە.
- وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای یەکگرتوویی لە لایەنەکان دەکات لەم کاتەدا و دەڵێت، تەنیا کاتێک براوەیەن کە پێکەوەبین.
- بەهۆی هێرشەکەوە، ئێران، ئیسرائیل، عێراق و ئوردن ئاسمانی وڵاتەکانیان داخستووە.
- ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، تیمی ئاسایشی نیشتمانی بەردەوام زانیاری بە سەرۆک بایدن دەدەن و چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکە چەند کاژێرێک بخایێنێت.
- ئیسرائیل دەڵێت، لەڕووی بەرگری و هێرشبردن ئامادەن و جەختیش دەکاتەوە کە سیستمی بەرگری ئیسرائیل ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران.
00:02
سوپای پاسداران: ئۆپەراسیۆنەکەمان بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان و مووشەک ئەنجامدا
سوپای پاسداران پشتڕاستیدەکاتەوە کە هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل بە چەندین فرۆکەی بێ فرۆکەوان و مووشەک کرووز ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوێکدا سوپای پاسداران دەڵێت هێرشەکە "وەڵامێک بوو بۆ تاوانەکانی قەوارەی زایۆنی."
ئەمشەو 13ی نیسان ئێران هێرشێکی بەرفراوانی بە درۆن و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، ئەگەر شکست بە هێرشەکە نەهێندرێت ئەوا چاوەڕواندەکرێت کاژێر 02:00ـی شەو بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل.
ئیسرائیل دەڵێت، لەڕووی بەرگری و هێرشبردن ئامادەن و جەختیش دەکاتەوە کە سیستمی بەرگری ئیسرائیل ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران.
زیاتر بخوێنەوە
23:54
کۆشکی سپی: بایدن لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ تیمی ئاساییشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، وێنە: AFP
کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەنجوومەنی ئاساییشی وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە.
راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممەی کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی و جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی، سەرۆکی ئەمریکایان لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادارکردووەتەوە."
کۆشکی سپی هەروەها دەڵێ "ئەمریکا هاوشانی گەلی ئیسرائیل دەوەستێتەوە" لە ئەگەری هێرشی ئێران.
23:52
ئەمریکا: لەم کاتەدا لەپشتی ئیسرائیل و خەڵکەکەین
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، تیمی ئاسایشی نیشتمانی بەردەوام زانیاری بە سەرۆک بایدن دەدەن و چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکە چەند کاژێرێک بخایێنێت.
ئەدریێن واتسن دەشڵێت، ئەمریکا پشتگیریی خەڵکی ئیسرائیل دەکات و لە بەرگریکردن دژی ئەم هەڕەشانەی ئێران پشتیوانییان دەکات.
23:52
فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی داخران
دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕياریدا گەشتە ئاسمانییەکان رابگرێت، هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش داخران.
هەندرێن موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە فەرمانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانمان بۆ کاتێکی نادیار راگرتووە.
هەندرێن موفتی گوتی: ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە دەرکراوە بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و بەشێوەیەکی کاتیشە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش هەمان بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی جێبەجێکردووە و گەشتەکانی بەشێوەی کاتیی راگرتووە.
23:11
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ئێران دەیان درۆنی لە خاکی خۆی و خاکی هێزە بەوەکالەتەکانییەوە ئاراستەی خاکەکەمان کردووە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا هەگاری ئەمشەو (شەممە، 13-4-2024) گوتی "سوپاکەمان لە رووی هێرشبردن و بەرگیرکردنەوە ئامادەیە." هەروەها دەڵێ "لەگەڵ ئەمریکا لە هاوئاهەنگیداین.''
زیاتر بخوێنەوە
23:45
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "لە وەڵامی هێرشی تاوانکارانەی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەمان لە سووریا، ئۆپەراسیۆنێکمان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر قەوارەی زایۆنی ئەنجامدا."
زیاتر بخوێنەوە