رووداو دیجیتاڵ
لەسەر دەستپێشخەری و داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هەڵمەتی "واژۆ و پەنجەمۆر" لەسەر کاغەزی بەیعەت بۆ ئیمامی مەهدی دەستیپێکرد.
لایەنگرانی موقتەدا سەدر، دەستیان بە پڕکردنەوەی ئەو بەیعەتنامەیە کردووە، کە تێیدا ناو و واژۆ و پەنجەمۆریان لەسەری کردووە، هەندێکیان بە خوێن پەنجەمۆریان کردووە.
ئەمە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە، لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردەوە، "خودایە من نامەوێت پەلە لە شتانێک بکەم کە تۆ دواتخستوون شتانێکیش دواناخەم، کە تۆ پەلە لە روودانیان دەکەیت. بەڵام ئەگەر گەورە و سەروەرم ئیمام مەهدی حوجە کوڕی حەسەن سڵاوی خوای لەسەر بێت دەرکەوت، من لە بەردەم خوا، پێغەمبەر و وەلییەکەی بەڵێن دەدەم، کە پابەندی بم."
موقتەدا سەدر هەروەها نووسیویەتی: "من بەیعەتی پێدەدەم لەسەر گوێڕایەڵی و قوربانیدان بە باشترینەکانم، بە مەبەستی دۆسیەی چاکسازی کە هەموو زەوی پڕبێت لە دادپەروەری، کە ئێستا پڕە لە زوڵم و ستەم."
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە بە ئیمام مەهدی دەزانن و دەڵێت: "لەمنەوە ئەی پێشەواکەم، گوێڕایەڵی بۆ گشت فەرمان، نەهی و بڕیارەکانت، بە رەزامەندی و قەناعەتەوە تۆ بەڵگەی خودای لەسەر زەوی. هەروەک چۆن بێبەریم لە سەرجەم ئەوانەی کە دەڵێن، گوایە من ئیمام مەهدیم، من هیچ نیم جگە لە سەربازێک لە سەربازەکانت، ئەگەر شایانی ئەوەش بم."
ئیمام مەهدی دوایین و 12ـەیەمین ئیمامی شیعەکانە، بەلای شیعەکانەوە ئەمڕۆ 13ی شوبات، رۆژی لە دایکبوونیەتی، بۆیە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق کراوەتە پشوو.
سەدر لە پۆستەکەیدا لەبەر ئیمام مەهدی دەپاڕێتەوە و دەڵێت: "لای خوا شەفاعەتم بۆ بکە، بۆ ئەوەی لە نێوان دەستەکانت بم لە دونیا و رۆژی دواییدا، بە حەقی خۆت و باوباپیرانت، بە حەقی پێشەوام فاتیمەی زەهرا."
لایەنگرانی سەدر ئەو نووسینەی موقتەدا سەدریان کردووەتە بنەما و واژۆ پەنجەمۆریان خۆیان لەسەر ئەو کاخەزە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ