عێراق
وێنەی بەربژێرەکان کە لەلای راستەوە پێکدێن لە: شەعلان عەبدولجەبار، سالم عیساوى، مەحموود مەشهەدانى و تەڵال زەوبەعى
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر دەڵێت، ناوى چوار بەربژێر دراونەتە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوەش دەکات "ئەو هاوپەیمانیێتییە لەسەر دەنگدان بە بەربژێرەکان دابەشبووە."
سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر کە بەشێکە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-12-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، شەش بەربژێر بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان هەبوون، ئێستا کەم بوونەتەوە بۆ چوار بەربژێر و ناوەکانیان دراوەتە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى.
سەلام زوبەیدى ئاشکرایکرد؛ ئەو چوار پەرلەمانتارەى بەربژێرن بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بریتین لە سالم عیساوى، مەحموود مەشهەدانى، تەڵال زەوبەعى، شەعلان عەبدولجەبار.
سالم عیساوى و تەڵال زەوبەعى ئەندامى فراکسیۆنى عەزمى عێراقن، کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتیى دەکات. شەعلان عەبدولجەبار ئەندامى فراکسیۆنى تەقەدوومە کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتى دەکات. مەحموود مەشهەدانیش ئەندامى فراکسیۆنى عەزمە کە موسەننا سامەرائی سەرکردایەتى دەکات.
گوتەبێژەکەى هاوپەیمانیى نەسر گوتى، "بۆچوونى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى بەربژێرەکان و دەنگپێدانیان لە پەرلەمان دابەش بووە. ئەگەر زۆرە رکابەرایەتیی سەرەکى لەنێوان سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانیدا بێت."
لە 14ـی تشرینى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆتایی بە ئەندامیێتى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هێنا، کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو. بەو هۆیەوە ئەو پۆستە لەو کاتەوە چۆڵە.
22ـی تشرینى دووەم پەرلەمانى عێراق دەرگاى خۆبەربژێرکردنی بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان کردەوە، کە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، پێویستیی بە دەنگى نیوە کۆ یەکى ژمارەى پەرلەمانتارانى ئامادەبووى دانیشتنەکە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ