رووداو دیجیتاڵ
لە کۆڕبەندی "هەفتەی وزەی رووسیا" کە لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کۆبوونەوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەردەوامن و بەمنزیکانە دەگەن بە لێکتێگەیشتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-10-2023، لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی "هەفتەی وزەی رووسیا"، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە شەش مانگە بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس راگیراوە، پرسیاری لێکرا.
محەممەد شیاع سوودانی لە وەڵامدا گوتی،"بەڵێ بە دڵنیاییەوە. حکومەت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی جەیهانەوە. وەکو هەمووان دەزانن، هەناردەکردنی نەوت بەهۆی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی پاریسەوە راگیرا؛ هەروەها بەهۆی شوێنەواری هۆکاری بوومەلەرزەوە وەکو تورکیا بانگەشەی بۆ دەکرد. بەم دواییانە ئاگادارکردنەوەی دۆستانمان لە تورکیا هەیە کە هێڵەکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها گوتی، "ئەو هێڵە نەوت لە کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە دەگوازێتەوە. لە هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیای نەوتیی کارکەر هەن و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵیان هەیە. یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەڵێت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. پشتیوان بەخودا، بەمنزیکانە دەگەینە لێتێگەیشتن بۆ ئەوەی هەناردکردنەوەی نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە، بەدڵنیاییەوە لەچوارچێوەی پابەندبوونی عێراق لەنێو ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس دەبێت."
زیاتر لە 200 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راوەستاوە. لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
پرسیار: بەڕێز سەرۆکوەزیران، ماوەی نزیکەی شەش مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە تێدەپەڕێت. لە رۆژانی کەمی رابردوودا تورکیا رایگەیاند کە بۆرییەکە ئامادەیە بۆ ناردنەوەی نەوتی عێراق. ئایا حکومەتی ئێوە ئامادەیە بۆ ئەو هەنگاوە؟
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، حکومەت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی هێڵی جەیهانەوە، وەکو هەمووان دەزانن هەناردەکردنی نەوت بەهۆی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی پاریسەوە راگیرا؛ هەروەها بەهۆی شوێنەواری هۆکاری بوومەلەرزەوە وەکو تورکیا بانگەشەی بۆ دەکرد کە پشکنینی تەکنیکی بۆ دەکرێت، بەم دواییانە ئاگادارکردنەوەی دۆستان لە تورکیا هەیە کە هێڵەکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. دەزانیت ئەو هێڵە نەوت لە کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە دەگوازێتەوە. کۆمپانیای نەوتی لە هەرێمی کوردستان هەن و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵیان هەیە. لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەڵێت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکان و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و پشتیوان بەخودا بەمنزیکانە دەگەینە لێتێگەیشتن بۆ ئەوەی هەناردکردنەوەی نەوت لەرێگەی ئەو بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەوە لەچوارچێوەی پابەندبوونی عێراق لەنێو ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ