رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردەوە، تەقینەوەکەی شەوی رابردووی فڕۆکەخانەی بەغدا هێرشێک بووە بۆ سەر ناوەندێکی دیپلۆماسی ئەمریکی. دەشڵێت، تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو "هێرش کراوەتە سەر ناوەندی خزمەتگوزاری دیپلۆماسی بەغدا، کە ناوەندێکی دیپلۆماسی ئەمریکییە". دەشڵێت، هێرشەکە "هیچ زیانێکی گیانی نەبوو".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لێکۆڵینەوە لە زیانەکان و هۆکاری تەقینەوەکە دەکەن.
ئەمڕۆ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو دەنگێک لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا بیستراوە، لەو بەشەی کە لەلایەن راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەکاردێت.
بە گوتەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق جۆری تەقینەوەکە و هۆکارەکەی نازانن، هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندووە.
هەروەها دەشڵێت، "هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کار دەکەن بۆ زانینی رووداوەکە، دوای تەواوبوون، راستییەکان دەخەنەڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا جووڵەی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئاساییە و گەشتەکان رانەگیراون".
زانیاریی جیاواز لەبارەی رووداوەکە بڵاوکراونەتەوە، هەندێک باس لەوە دەکەن درۆن بووە، هەندێکی دیکە دەڵێن، بە دوو مووشەک "سەنتەری دبلن بۆ مەشقی سەربازی" لە بنکەی ڤیکتۆریای سەربازیی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کراوەتە ئامانج.
جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی گوماناویی لەپشتە، ئامانجەکەی شێواندنی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ بەغدا.
گوتەبێژی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ