پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە

10-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ بەردەوامیدان بە دەنگدان بە مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەست پێبکاتەوە. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، گفتوگۆ لە مادەی 14ـەوە دەستپێدەکات و رێگە نادەن ئەو مادەیە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بخرێتە کۆتایی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە.
 
رۆژی شەممە، 10ـی حوزەیرانی 2023، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی بڕیاری فەرمی، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 05:00 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ بەردەوامیدان بە دەنگدان بە بڕگە و مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە".
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەبێتە سێیەم کۆبوونەوە بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە؛ شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو، کە تێیدا دەنگ بە مادەکانی 2، 9، 10، 11، 12، 13 و 18 درا؛ مادەی 14 کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها مادەکانی 15، 16 و 17 کە ناکۆکیی نێوان پکهاتەکانی دیکەی لەسەر بوو، دواخرا.
 
شێروان دووبەردانی دەڵێت، "ئەمڕۆ دەبێ گفتوگۆ لە مادەی 14ـەوە دەستپێبکاتەوە و دواتر مادەی 15 و مادەکانی دیکە کە دواخراون؛ قبووڵ ناکەین هەموو مادەکان پەسند بکرێن و دواتر دەنگ لەسەر مادەی 14 بدەن، چونکە ئەوانی دیکە پەسەند بکرێن ئەو مادەیەش گوشاری دەخرێتەسەر و بێ رێککەوتن پەسند دەکرێت".
 
مادەکانی 12، 13 و 14 تایبەتن بە هەرێمی کوردستان
 
شەوی رابردوو مادەکانی 12 و 13ـی پڕۆژەیاسای بودجە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان پەسند کران؛ لە مادەی 12دا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ وەکو رێککەوتنی لەسەر کرابوو دەنگی لەسەر درا؛ مادەی 13ش بەمشێوەیەی خوارەوە پەسەند کرا:
 
- یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی هەموو ساڵێک هاتووە.
دووەم: 
 
-‌‌أ- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بە بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی، لانیکەم کەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. کۆمپانیای سۆمۆ ئەو بڕە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بە هەمان میکانیزمەکانی کۆمپانیاکە دەنێرێتە بەندەری جەیهان.
 
-ب- ئەگەر هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، نەکرێت، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە دەدات بە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوت دیاری دەکات.
 
ج- وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەدات کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق.
 
د- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.
 
ه- وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش مانگانە ژمێرەی کۆتایی بدات بە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ ئەوەی بخرێتە نێو ژمێرەی کۆتایی دەوڵەت، یەکلاییکردنەوەی ماف و پابەندبوونە نانەوتی و نەوتییەکانی هەردوولا دەکرێت دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی وەرزی دەبێت.
 
و- قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکە حکومی و تایبەتەکانە، مانگانە بە قیست لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دانەوەی ئەو قەرزانە لە ساڵی 2023ەوە و دەستپێدەکات لە ماوەی حەوت ساڵ دەدرێنەوە.
 
مادەی 14 ناکۆکی دروستکردووە
 
مادەی 14 کە بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەری بۆ ماوەیەک کۆبوونەوەی پەرلەمان راگیرا، دوو جۆر ناکۆکی لێکەتووەتەوە. یەکێکیان لە نێوان فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنی یەکێتی و چەند فراکسیۆنێکی دیکە؛ ئەوەی دیکە لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لایەنە عێراقییەکانی دیکە.
 
شێروان دووبەردانی دەڵێت، بابەتی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ناڕەزایی دروستکردووە و ئەوان داوایان کردووە پارەی بۆ تەرخانبکرێت یان مادەکە لاببرێت و لە ئەنجامدا لابراوە و یەکێتی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە داوای گەڕانەوەی مادەکە دەدەن. گوتیشی: "ئێمەش لەگەڵ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەداین، بەڵام بە جۆرێک پارەی بۆ تەرخان بکرێت. پارە تەرخان نەکرێت، نادرێتەوە و دەبێ لەگەڵ هاونیشتمانیانی خۆمان راستگۆ بین".
 
لە رێککەوتنی نوێنەرانی پارتی و چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر کێشەیەک لەنێوان بەغدا و هەولێر دروستبوو، لیژنەیەک لە نێوان هەردوولا دروست بکرێت و لەماوەی مانگێکدا راپۆرتی خۆیان بدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو بڕیاری چارەسەری لێ بدات. شێروان دووبەردانی دەڵێت، "ئێستا مادەکە گۆڕاوە و دەڵێت: 'ئەگەر بۆ ماوەی 15 رۆژ کێشەیەک بەبێ چارەسەر لەنێوان بەغدا و هەولێر مایەوە، بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت تا چارەسەرکردنی'. ئێمە و یەکێتیش ئەوەمان رەتکردووەتەوە و نابێ بەو شێوەیە تێپەڕێت".
 
مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
پڕۆژەیاسای بودجە 67 مادەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە نێردراوەتە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر هەیە ژمارەی مادەکان گۆڕانکارییان تێدابکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە