رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق میواندارى وەزیرى دەرەوە بکات لەبارەى وردەکاریى بۆردوومانەکانى هەرێمى کوردستان و ئەو رێکارانەى کە گیراونەتەبەر یان بڕیارە بگیرێنەبەر.
رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینى یەکەمى 2022، د. موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لیژنەکەمان دواى لە وەزارەتى دەرەوە کردووە میواندارى د. فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و ستافى وەزارەتەکەى بکەن لە زووترین کاتدا، لەبارەى بۆردوومانەکانى هەرێمى کوردستانەوە. ئەگەر هەیە میوانداریکردنەکە لەم هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت و چاوەڕێى وەڵامى وەزارەتى دەرەوەین.
28ى ئەیلوولى 2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشیکردە سەر بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە نزیک پردێ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێز و بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 52 کەسی دیکەش برینداربوون.
د. موسەننا ئەمین ئاشکرایکرد کە لەو میواندارییکردنەى وەزیرى دەرەوەدا تاوتوێى وردەکاریى بۆردوومانەکان دەکرێت، لەگەڵ ئەو رێکارە دیپلۆماسییانەى پێشتر بەهۆیەوە گیراونەتەبەر یان دەگیرێنەبەر.
4ى ئەیلوولى 2022، لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی بۆردوومانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا و بڕیاریدا بانگهێشتی فەرماندە باڵا ئەمنی و سەربازییەکان بکات، بۆ پێدانی روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە.
دیلان غەفوور، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بڕیاردراوە رۆژى سێشەممە 11ى تشرینى یەکەم لەلایەن لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە میواندارى د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە بکرێت لەبارەى ئەو پێشێلکارییانەى کراونەتە سەر خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیا و کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە."




