عێراق

وێنەکان لە دەستی راستەوە: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و تەیف سامی، وەزیری دارایی
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە.
سکاڵاکە لە رۆژی 20-01-2025، تۆمار کراوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-02-2025، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕ بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگە بوون.
هاوڕێ تۆفیق باسی لە نێوەڕۆکی سکاڵاکەیان کرد و گوتی، "داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن. بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە".
ئەو بەرپرسەی سەرۆکایەتیی کۆمار باسی لەوەش کرد، لە سکاڵاکەیان دا داوایان کردووە "دادگەی فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بکات بە پەسندکردنی مادەی 12، بڕگەی ج لە یاسای بودجەی فیدراڵی کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە رۆژانی رابردوو ئەوە کرا".
رۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای بودجە دا. مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تایبەتە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێشنیاز کراوە 16 دۆلار بێت، لە عێراق خەرجییەکە 6 دۆلارە، لەو ماددەیەدا بە خاڵ لایەنە یاساییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە.
هاوڕێ تۆفیق لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوەش کرد، دادگاییەکە رۆژ 12ـی مانگ دەکرێت و "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات".
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەتیف رەشید "پەرۆشی دۆخی مووچەخۆران و سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان لە هەموو عێراق، بۆیە ئێمەی راسپارد بۆ داکۆکی لە مووچەخۆران، ئەو سکاڵایە تۆمار بکەین".
ئەمڕۆ 13 رۆژە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە، خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە. هاوڕێ تۆفیق باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار داوای کردووە، دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی رابردوو و تەواوی مانگەکانی داهاتوو پابەند بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ