رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران، 625 مێگاوات کارەبای بۆ عێراق گەڕاندەوە، بەڵام تائێستا بڕیاری نەداوە هەناردەی گازەکەی بۆ عێراق دەستپێبکاتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لایەنی ئێرانی دەڵێن هێشتا خەریکی نۆژەنکردنەوەی بۆریی گازن.
زیاد عادل فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق کە یاوەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو لە سەردانەکەی دوێنێی (چوارشەممە، 08-01-2025) بۆ تاران، لە راگەیێندراوێکدا سەردانەکەی بە ئەرێنی و بەرهەمدار ناوبرد.
زیاد عادل دەڵێ "بەرهەمی گفتوگۆکان گەڕانەوەی 625 مێگاوات کارەبای ئێران بوو لە رێگەی هێڵی گواستنەوەی (میرساد، کرخە، و سیریل)." هێڵەکە بە پارێزگای دیالە بەستراوەتەوە.
ئەو 625 مێگاواتە، لە کۆی ئەو 1200 مێگاوات کارەبایەیە، کە ئێران زیاتر لە مانگێکە لە عێراقی بڕیوە.
بەگوتەی وەزیری کارەبا، لە سەردانەکەدا باسی دابینکردنی گاز بۆ عێراق و هۆکارەکانی بڕینیان لەلایەن ئێرانەوە کردووە، کە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی کارەبا و پشکی کارەبای پارێزگاکان هەبووە.
وەزیری کارەبا رایگەیاند، پلانێکیان داناوە بۆ دووبارەچالاککردنی گرێبەستی هاوردەکردنی گاز و ئێران بەڵێنی داوە پابەندبن بە دابینکردنی گازی پێویست و ئەو گرێبەستەی لەنێوانیاندا هەیە.
هەروەها لایەنی عێراقی داوای لە ئێران کردووە بۆ گواستنەوەی گازی تورکمانستان، ئاسانکارییان بۆ بکات.
ئێران بۆ 15 رۆژ گازەکەی لە عێراق گرتەوە، کەچی دوای 45 رۆژ هێشتا دەستی بە ناردنەوەی گاز بۆ عێراق نەکردووە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا لایەنی ئێرانی تەنیا ئەوەیان پێ راگەیاندووین؛ سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکەن بەو هۆیەوە گازەکەیان راگرتووە."
یەکشەممە، 24-11-2024، کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق راگرت. بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی 5500 هەزار مێگاوات کارەبا کەمیکرد.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە ئێران خۆی قەیرانی گازی هەیە و رۆژانە بۆ چەند کاژێرێک کارەبا لەو وڵاتە دەپچڕێت.
بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و هاوردەکردنی گاز، رۆژی 19-10-2024، بە فەرمی عێراق رێککەوتنی لەگەڵ تورکمانستان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە عێراق 20 ملیۆن مەترسێجا گازی تورکمانستان لە رێگەی ئێرانەوە هاوردە دەکات.
ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، یەکشەممە 05-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "وەزارەتی کارەبا بۆ کڕینی گازی تورکمانستان هەموو رێکارەکانی تەواوکردووە، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکات بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ