راوێژکارێکی: سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران بەهێزکردنی کاری هاوبەشە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئێران لە چوارچێوەی بەرەو دیپلۆماسییەتی بەرهەمدار و لە کاتێکی هەستیاری هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە.
 
فادی شەمەری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (08-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانەکە لە چوارچێوەی بەرەو دیپلۆماسییەتی بەرهەمدار و سیاسەتی باشترکردنی ئابووریی عێراقدایە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ". 
 
شەمەری پێیوایە "سەردانەکە لەکاتێکی هەستیاری هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە، دووپاتکردنەوەیە لە گرنگیی بەهێزکردن و زیادکردنی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکان و بە‌هێزکردنی کاری هاوبەش بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی ناوچەکە". 
 
راوێژکارەکەی سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو سەردانە رەهەندی ستراتیژی هەیە و هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێکەوت. 
 
شەمەری سەردانەکە وەکو دەرفەتێک ناودەبات "بۆ دووپاتکردنەوە لە رۆڵی عێراق وەک پردی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە".
 
شەمەری ئاماژە بەوە دەکات، عێراق پابەندە بە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی دیالۆگی بنیادنەرانە و بەهێزکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش لە رێگەی جێبەجێکردنی دیپلۆماسییەتی بەرهەمدار، بە ئامانجی بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی وڵاتانی ناوچەکە و سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییانە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری، لەگەڵ بنیادنانی هاوبەشییەکی هاوسەنگ کە پاڵپشت بێت بۆ کاروانی پەرەپێدانی هەرێمی و ئاشتییەکی بەردەوام.  
  
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی مانگی رابردوو، ئەمە یەکەم جارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێران دەکات.
 
عێراق و ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی، ئابووری و بازرگانییان لەنێواندا هەیە و ساڵانە بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات چەندین جار لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە