بەغدا و هەولێر دانوستاندن لەسەر گۆڕینى شێوازى گرێبەستەکانى نەوت دەکەن

08-01-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى گۆڕین یان گونجاندنى گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەن لەگەڵ شێوازى ئەو گرێبەستانەى کە وەزارەتى نەوت کاریان پێدەکات، بۆئەوەى بەغدا شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیا بیانییانە بدات.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لە بەغداوە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، دانوستاندنى ئەم دوو رۆژەى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ راوێژکارانى سەرۆکوەزیران و وەزارەتى نەوت لە بەغدا، لەبارەى گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە بووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، دانوستاندنەکان بەو ئاراستەیە بووە کە چۆن گرێبەستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت کە لەسەر بنەماى هاوبەشییە لە بەرهەمهێناندا، بگۆڕدرێت بۆ شێوازى گرێبەستى بەشداری، کە وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى کارى پێدەکات، یان بگونجێندرێت لەگەڵیدا، تاوەکو بەغدا بتوانێت شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بدات.
 
بەپێی یاسای بودجەى گشتیى 2023، دەبێت وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بدات، بەڵام بەو پێوەرانەى کە لە وەزارەتى نەوت پەیڕەو دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت، کە بڕەکەى شەش بۆ حەوت دۆلارە بۆ بەرهەمهێنانى  هەر بەرمیلێک نەوت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت بەگوێرەى گرێبەستە کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان، لانیکەم 18 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل.
 
لە یاساى بودجەى گشتیی عێراقدا، کە بۆ ماوەى سێ ساڵە، یەک تریلیۆن و 428 ملیار و 245 ملیۆن دینار بۆ هەرێمى کوردستان تەرخان کراوە وەکو تێچووى گواستنەوەى نەوت، لە کاتێکدا بڕى دوو تریلیۆن و 689 ملیار و 655 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخان کراوە، وەکو تێچووى نەوتى هەناردەکراو لە عێراقدا.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا پێشبینی دەکات، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى چوارشەممە 10ى کانوونى دووەمى 2024، پرسی بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵى تاوتوێ بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە