رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی 160ـی پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە "سەرپێچییەکان"ـی بەندەرەکانی عێراق رایدەگەیێنێ، "بەهەدەردان" لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، لە دزیی سەدە زیاترە.
رۆژی چوارشەممە (07-08-2024) یاسر حوسێنی، سەرۆکی لیژنەی 160ـی پەرلەمانی عێراق، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی ئیدارەی بەندەرەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکەیان کۆبووەوە. رۆژ لە دوای رۆژ بۆیان روونتر دەبێتەوە، "بەئەنقەست سەرپێچیی روون لە دارایی گشتیدا کراوە، پارەیەکی زۆر بەهەدەر دراوە، کە لە دزیی سەدە زیاترە."
بەگوتەی یاسر حوسێنی، کە هاوکات جێگری لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانە، لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی و یاسایی، مامەڵە لەگەڵ دارایی گشتی کراوە و بەفیڕۆدراوە. ئەم مانگەش راپۆرتی خۆیان تەواو دەکەن و هەموو سەرپێچییەکانی تێدا جێگیر دەکەن.
هەروەها گوتی، "کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق زانیاری و بەڵگەی هەڵە و ساختەی پێداوین. داهاتی ئیدارەی بەندەرەکان لە 2020ـەوە تائێستا، سێ تریلیۆن و 175 ملیار دینار بووە؛ بەڵام هیچی رادەستی گەنجینە نەکردووە، پارەکەی لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کۆمپانیاکە هێشتووەتەوە. هەروەها پارەی کۆمپانیاکە لە بانکی حکومییەوە گواستراوەتەوە بۆ بانکە ئەهلییەکان، ئەوەش زیانی گەورەی بە دارایی گشتی داوە و پارەیەکی زۆر بە هەدەر دراوە. "
15ـی نیسانی 2024، بە فەرمانێکی پەرلەمانی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەسەرۆکایەتیی یاسر هاشم حوسێنی و ئەندامیێتیی 12 پەرلەمانتار پێکهێنا، سەبارەت بە گەندەڵییەکانی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە.
سۆران عومەر، کە ئەندامی لیژنەکەیە بە رووداوی گوت "گومان دەکرێت 20 ملیار دۆلار لە بەندەرەکە گەندەڵی کرابێت."
ئەو پەرلەمانتارە نموونەیەکی لە گەندەڵییەکان هێنایەوە و گوتی "بەپێی بەڵگەکان، قیرتاوکردنی تەنیا یەک کیلۆمەتری شەقامی بەندەرەکە، 7.3 ملیۆن دۆلاری تێچووە."
پێشتر چەند جارێک لیژنە لەسەر گەندەڵییەکانی ئەو بەندەرە پێکهاتووە؛ بەڵام بێ ئەنجام بووە.
رۆژی 5ـی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەوکاتەی گواستنەوەی عێراق، بەردی بناخەی بەندەری گەورەی فاو دانراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ