لە نەینەوا زۆرترین کارتی دەنگدان دابەشکراوە

06-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لەو پارێزگایە زۆرترین کارتی دەنگدان دابەشکراوە و لە نێو هەموو پارێزگانی عێراقدا یەکەمە.

فەرحان ئەحمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نەینەوا، رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 300 هەزار کارتی دەنگدانیان داوەتەوە دەنگدەران، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا نزیکەی 190 هەزار کارتی دەنگدانیان دابەشکردووە، لە دابەشکردنی کارتی دەنگداندا نەینەوا لەنێو هەموو پارێزگاکاندا یەکەمە.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا گوتی، 140 ناوەندی تۆمارکردن لە پارێزگای نەینەوا هەن، لەگەڵ 792 ناوەندی دەنگدان و شەش هەزار و 993 وێستگە و 49 ناوەندی دەنگدانی تایبەت. 
 
ژمارەی دانیشتووانی نەینەوا 4 ملیۆن و 130 هەزار کەسە. ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، یەک ملیۆن و 795 هەزار و 292 کەسە؛ 1 ملیۆن و 695 هەزار 566 دەنگدەری گشتی و 99 هەزار و 726 دەنگدەرى تایبەت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە، کە سێ کورسییان بۆ کۆتای مەسیحی، ئێزدی و شەبەکە. هەروەها حەوت کورسی بۆ کۆتای ئافرەتە.
 
بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە