رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری هیشام هاشمی دەکات و دەڵێت، رێگەنادەین شەپۆلی دووەمی تیرۆر بگەڕێتەوە عێراق. هەروەها کازمی بڕیاریداوە فەرماندەی پۆلیسی ئەو ناوچەیە لەسەر کارلابدات کە رووداوەکەی تێدا روویداوە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، گرووپێکی چەکدار هیشام هاشمیان تیرۆرکردووە و بەتووندی سەرۆکۆنەی دەکەین.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە هاشمی لەو کەسانە بووە کە بەشداربووە لە دروستکردنی رای گشتی، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی تاوانباران دەدەن و "هەروەک چۆن هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی چەک بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و هیچ هێزێکیش لەسەرووی دەسەڵاتی یاسادانانەوە نەبێت".
بەپێی ئاژانسی فەرمی عێراق، کازمی بڕیاریداوە بە لەسەرکارلابردنی فەرماندەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 06-07-2020، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی رووداو لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراو، تیرۆرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ