رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى تەندروستیی عێراق رێنوێنی لەبارەى خۆپارێزى لە ئادیز بڵاودەکاتەوە و یەکێک لە خاڵەکانى پابەندبوونە بە هەڵسوکەوت و پەیوەندیی سێکسیی "بێ زیان."
ئەو رێنوێنییەی وەزارەتى تەندروستیى عێراق لە رێگەى ماڵپەڕى وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە کە سێ هەنگاوە، یەکێکیان "پابەندبوونە بە پەیوەندی و هەڵسوکەوتى سێکسیی بێ زیان."
وەزارەتەکە روونکردنەوەی زیاتری نەداوە لەبارەی ئەوەی مەبەستیان لە بێ زیان چییە، بەڵام بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەکان، پاراستنی بازنەی پەیوەندیی سێکسی، بەکارهێنانی کۆندۆم و پارێزەرەکانی دیکە لەکاتی سێکسدا، وەکو رێگەیەکی بێ زیان سەیر دەکرێن.
بەکارهێنانى دەرزیی پاککراوە، کەرەستەى پاکژى گواستنەوەى خوێن کە رێگەپێدراوە لە لایەن وەزارەتى تەندروستییەوە، دوو رێنوێنییەکەی دیکەن بۆ خۆپارێزى لەو نەخۆشییە.
لە 38 ساڵى رابردوودا 2638 کەس لە عێراق توشی نەخۆشیى ئەیدز بوون، 470 یان گیانیان لەدەستداوە.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "168 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان مانگێک بۆ 14 ساڵان بووە، لە دایکیانەوە یان لە رێگەى گواستنەوەى خوێنەوە تووشی ئەیدز بوون."
ئەیدز نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) تووشی مرۆڤ دەبێت، کە ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر سیستمی بەرگریی مرۆڤ.
27ى كانوونى دووەمى ئەم ساڵ پەرلەمانى عێراق یاسای قەرەبووکردنەوەى تووشبوانى ئەیدزى پەسندکرد. بەهۆى ئەو یاسایەوە زیاتر لە 300 کەس لە تووشبووانى ئەو نەخۆشییە یان خانەوادەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە کە لە ساڵى 1986 بەهۆى دەرمانى کۆمپانیایەکى بیانییەوە ئەو ڤایرۆسەیان بۆ گوێزراوەتەوە.




