رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی وەزارەتی دادی عێراق، لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە هەزار کەس بە یاسای لێبووردنی گشتیی ئازاد کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دادی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "لە دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار زیندانیکراوی سوودمەندبوو بەو یاسایە ئازاد کراون."
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی داد بە رووداوی گوت: "پڕۆسەکە بەردەوامە، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بە کاتی زیاترە، چونکە پێویستە ئێمە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو زیندانییانە بکەین کە یاساکە دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین هیچ سکاڵآ و داوایەکی دیکەیان لەسەرە یان نا."
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی داد بۆ رووداو، عێراق 30 بەندینخانەی هەیە کە زیاتر لە 67 هەزار بەندکراویان تێدایە. لەو بەندکراوانە، هەزار و 600 کەسیان بیانین.
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ