رووداو دیجیتاڵ
سبەی سێشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی سێشەممە 07-03-2023، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمیی دەگاتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی عێراقدا کۆدەبێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی فراوان لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا دەکرێت و دەرفەتی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکان لەوانە وزە و وەبەرهێنان گەنگەشە دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 12-01-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ئەڵمانیا و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆککۆمار و راوێژکاری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی هەینی 13-01-2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پایتەختی وڵاتەکەی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "قسەمان لەسەر ئەگەری هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا کرد و رێککەوتنین لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا بمێنینەوە."
هاوکات سوودانی گوتی، دەرفەتیان بە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان داوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان گازی سرووشتی و گازی دەرپەڕیوی کێڵگە نەوتییەکاندا بکەن. سەرۆکوەیزرانی عێراق روونیشیکردەوە کە دەیانەوێت لە رێگەی بۆڕیێکەوە بە نێو تورکیادا گاز بۆ ئەوروپا بنێرن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەست بە "رژدبوونی روونی ئەڵمانیا" بۆ پێکەو کارکردن لەگەڵ عێراقدا دەکەن.
ئەڵمانیا کە پێشتر 55٪ـی گازەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد، هەوڵەکانی خستوونەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە شوێنەکانی دیکەوە گازی سرووشتیی شلکراو بەدەستبخات، بۆ ئەوەش دوو گرێبەستی لەگەڵ قەتەر و ئەمریکادا کردوون.
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "بە چڕی دەستمان بە دروستکردنی وێستگەکانی گازی شلکراومان کردووە،" بۆ ئەوەی ژێرخانی پێویست لە ئەڵمانیادا هەبێت و بتوانرێت لەوێوە گازی شلکراو بۆ وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە بگوازرێتەوە. گوتیشی، عێراق "ئەو هاوبەشەیە کە هیوای زۆرمان پێی هەیە بۆ بابەتی گاز."
ئەڵمانیا پێویستی بە گازە و عێراقیش پێویستی بە کارەبایە
یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سوودانی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەییشتن بوو لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانی بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبای عێراق کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەهۆی رەوشی خراپی ئەمنی و نەبوونی چاککردنەوە، بە دەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە یاداشتێكی لێکتێگەییشتنیان لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانیدا واژۆکردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، باشترکردنی دابەشکردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا.
سوودانی جەختیکردەوە کە "پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەییشتنە ئامادەکراوە."
هاوکات شۆلتز گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای سیمێنز بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبای عێراق."
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم هاوبەشییە درێژخایەنە، تەنیا نابێتە هۆی باشبوونی کارەبای عێراق، بەڵکو هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی "پشتیوانیی ئەڵمانیا"ی بۆ عێراق کرد و باسی لەوە کرد، "ئەڵمانیا پشتیوانیی سەربازیی بۆ عێراق دابینکرد لە کاتی شەڕی دژی داعشی تیرۆرست، هەروەها پشتیوانیی داراییشی بە عێراق دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ