سکاڵایەک دژی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تۆماردەکرێت

05-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فراکسیۆنی ئیمتیداد لە پەرلەمانی عێراق سکاڵایەکی لە دژی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژکردنەوەی وادەی یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگەی فیدڕاڵی تۆمارکرد، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکە دەڵێت، "دەبووایە لەو دانیشتنەدا یەکەمجار سەرۆکی پەرلەمانی هەڵبژێردرابووایە، ئەوە نەکرا و پێچەوانەی دەستوور و یاسا بڕیاردرا، بۆیە دانیشتنەکە نایاساییە".
 
د. حەیدەر سەلامی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیمتیداد لە پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵامان تۆمارکردووە لە دژی کۆبوونەوەی رۆژی 18-11-2023ـی پەرلەمانی عێراق و هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا باسکراون و بڕیاریان لەبارەوە درا لەنێویاندا پەسندکردنی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکرایەوە".
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "دانیشتنەکە نایاساییە، چونکە بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، دەبێت سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم دانیشتن هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە ئەو پێشێلکارییە کرا و ئەوەش بەتەنیا نا، بەڵکو درێژکردنەوەی وادەی یاسایی کۆمیسیۆنیش پەسندکرا، بۆیە داوامان کردووە دادگەی فیدڕاڵی دانیشتنەکە بە نادەستووری بزانێت".
 
رۆژی سێشەممە 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاریی کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن". هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە.
 
شەوی دووشەممە 20-11-2023، پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی نائاسایی رۆژی چوارشەممە، 22ـی ئەم مانگەی خۆی بڵاوکردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەشێک بوو لە کارنامەکە.
 
بەپێی دەستووری عێراق و هەروەها پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی هەستیارییانەوە، نابێت کورسیی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ بەتاڵ بێت، مادەی 55ـی دەستووری عێراق و  بڕگەی 3 لە مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دەکەن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەدوای بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە.
 
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتارە، واتە زۆرینەی رەها، ئەوە ژمارەیەکی زۆر قورس نییە، بەتایبەت بۆ لایەنە رکابەرەکانی سوننە.
 
رۆژی 18-11-2023 پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسندکرد کە بۆ ماوەی شەش مانگ وادەکەی درێژدەکرێتەوە، کە بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە و وادەى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە 7ـى کانوونى دووەمى 2024، کۆتایی دەهات.
 
بزووتنەوەى ئیمتیداد بە یەکێک لە نوێنەرانى خۆپێشاندانى تیشرینییەکانى 2019 دادەنرێت کە ئێستا خاوەنى 16 ئەندامى پەرلەمانە لەدواى ئەوەى چوار لە ئەندامەکانى بەهۆى کێشەى نێوخۆیی ئەو بزووتنەوەیە لە فراکسیۆنەکە کشانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت