رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەناردنی ژمێرەی کۆتایی سێ ساڵی دارایی، بڕیارە دادگەی فیدڕاڵی بۆ ئەو سکاڵایە کۆببێتەوە کە پەرلەمانتارێک لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماریکردووە، پەرلەمانتارەکە دەڵێت :"بووەتە نەریت حکومەت بەبێ چاودێری پارە خەرجدەکات."
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ سکاڵایەکی پەرلەمانتار رائید مالیکی کۆببێتەوە، کە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی تۆماری کردووە.
سکاڵاکار دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە نییە ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی، 2021، 2022 و 2023 رادەستی پەرلەمان بکات."
د. رائید مالیکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو تانەیە بۆ ئەوەیە حکومەت پێش ناردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، ژمێری کۆتایی ساڵی پێشتر بهێنێتە پەرلەمان، ئێستا نەریتی باوی کارکردن ئەوەیە پارە خەرج دەکرێت و هیچ بەدواداچوون و چاودێرییەکی نییە."
ژمێری کۆتایی بریتییە لە تۆمارێکی دارایی بۆ دەرخستنی چالاکیی دارایی هەر وڵات یان دامەزراوەیەک لە ماوەی ساڵێکی دارایی کە لە رۆژی 1-1ـی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و تاوەکو 31-12 بەردەوام دەبێت، تێیدا سەرجەم رۆیشتوو و هاتوو لە داهات و خەرجی و پارەی دیکەی تێدا رووندەکرێتەوە.
بەپێی مادەی 62ـی دەستووری عێراق دەبێت، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە و ژمێری کۆتایی بداتە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە شەشی ساڵی 2019ش جەخت لەسەر هەمان بابەت دەکاتەوە.
جگە لەو سکاڵایە، چوار سکاڵا لە دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بڕیاری 64ـی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەرچوو، تۆمارکراوە، ئەو بڕیارە پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراقە.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025"، قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ