بەشێک لە بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا هەڕەشەی داخستنی نووسینگەکانیان دەکەن

05-07-2023
ئەنمار غازی
ژمێریارێک لە نووسینگەیەکی دراو، دراوی عێراقی دەژمێرێت. وێنە: رووداو
ژمێریارێک لە نووسینگەیەکی دراو، دراوی عێراقی دەژمێرێت. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تائێستا زۆربەی عێراقییەکان سەرقاڵن بە نرخی دینار بەرامبەر دۆلارەوە، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان نرخی حکومی و بازاڕەکاندا هەیە. حکومەت رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە مامەڵەپێوەکردنی دۆلار لە بازاڕەکان و مامەڵەکردن بە دیناری عێراقییەوە.
 
لە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراودا بە میکانزمی دیاریکراو رێگە دەدرێت دۆلار بە گەشتیاران بفرۆشرێت و فرۆشتنەکەش سنووردارە، تەنانەت حەواڵەکردنی پارەش سنوودار کراوە، ئەمەش بۆ رێگرییە لە بەقاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار.
 
سوها کەفائی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی دەڵێت، "کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنیی بیانی کە مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکەن، حەواڵەکانیان سنوودار کردووە، بۆ نموونە ئێمە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای وێسترن یونیەن دەکەین کە 5000 دۆلار حەواڵەی دیاریکردووە بۆ هەر هاووڵاتییەک، دەبێت پارەکەش بۆ خوێندن، چارەسەر، گەشت، یان چاودێریی کۆمەڵایەتی بێت، سەبارەت بەو کرێیەی وەردەگیرێت لە خشتەیەک دیاریکراوە و دەیدەینە بریکارەکانمان، تاوەکو کارەکانیان رایی بکەن."
 
لە بەغدا خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ دراو ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر ئەو گوشارانەی رووبەڕوویان دەبنەوە و لایەنەکانی دەرەوەی بانکی ناوەندییش دەست لە کاروبارەکانیان وەردەدەن. بەشێکیان هەڕەشەی داخستنی نووسینگەکانیان دەکەن، کە ئەمەش بە گوتەی خۆیان دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی دراوی عێراقی.
 
زیا تائی، نوێنەری خۆپێشاندەرانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاماژە بەوە دەکات، "بانک، کۆت و بەندی دەرەکیی لەسەرە لەگەڵ کۆت و بەندی نێوخۆیی کە دەیەوێت نرخی دۆلار دابەزێت، ئەمەش کارێکی ئەستەمە، ئەمەش پەیامێکە بۆ ئەوان کە ئەگەر کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە مانگرتن بەردەوام بن، نرخی دۆلار دەگاتە 1500 - 1600 دینار."
 
محەممەد فازل، خاوەنی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو ئەوە دەخاتەڕوو، "گوشاری ئەمنی لەسەر نرخی دۆلار و دینار شێوازێکی نادروستە، رژێمی پێشوو لەمەدا شکستی هێنا. زۆر لە وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە شکستیان هێنا. پێویستە نرخی دینار و دۆلار ئازاد بێت، تاوەکو ئەو ترسەی هاووڵاتییان بڕەوێتەوە، بە تێپەڕبوونی کاتیش نرخی دۆلار نزم دەبێتەوە."
 
کێشەی زۆر لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار لە بازاڕەکاندا هەیە، دیارترینیان راکێشانی دۆلارە بە پاسەپۆرت و تیکتی ساختە، بەبێ ئەوەی خاوەنەکەی ئاگادار بێت و داواکاریی گەشتی دەرەوەشی پێشکێش کردبێت، ئەم دیاردەیە دەیان جار دووبارە دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لێپرسینەوە و چاودێریی بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە