گرووپێک لە بابل دەستگیر کران کە کاریان بۆ ژمارەیەک پزیشک کردووە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بابل لە ئۆپەراسیۆنێکدا 10 کەسی دەستگیر کرد؛ بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بابل دەڵێت، ئەو کەسانە لە شەقامی پزیشکانی شارەکە کاریان کردووە و کاریان بۆ چەند پزیشکێکی تایبەت کردووە.
 
عادل عەناوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای بابل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی هەینی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو بە هاوئاهەنگی فەرماندەیی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامدا و تۆڕێکیان دەستگیرکرد کە لە 10 تۆمەتبار پێکهاتبوو. تۆمەتبارەکان دۆخی نەخۆشیان قۆستوەتەوە."
 
عادل عەناوی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو گرووپە لە شەقامی پزیشکانی بابلدا گەڕاون و کاتێک نەخۆشێکیان بینیوە، بە گوێرەی جۆری نەخۆشی و پێویستییەکەی نۆرینگەی پزیشکی پسپۆڕیان پیشانداوە"؛ گوتیشی، "ئەو کەسانە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا کارتی پزیشکەکانیان لە گیرفاندا بووە، چونکە رێککەوتن لەنێوان بەشێک لە پزیشکانی شارەکە و ئەو گرووپەدا هەبووە و بۆ هەر نەخۆشێکیش بڕێک پارەیان لە پزیشکەکان وەرگرتووە."
 
سەبارەت بە دەستگیرکردنی پزیشکانی بەشدار لەو تۆڕە، راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای بابل دەڵێت، "لێکۆڵینەوەی تەواو لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانە دەکرێت و چاوەڕێی فەرمانی دادوەر دەکەین بۆ دەستگیرکردنی پزیشکانی تێوەگلاو لە تاوانەکە. ئەو کارەی کراوە دەچێتە بازنەی ساختەکاری و سزای یاسایی دەبێت."
 
بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی، هەرکەسێک موڵک و پارەی کەسانی دیکە بۆ خۆی یان بۆ کەس و لایەنی دیکە بە بە رێگەی ساختە و فێڵ وەربگرێت، بە بەند کردن کە زیاتر نەبێت لە 7 ساڵ و پێبژاردن سزا دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە