رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی دەکەن، بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دەڵێت، دەرچووانی هەرێمی کوردستان پشکیان لە دامەزراندن دەبێت.
سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی ئەمڕۆ دووشەممە 03-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان کراون.
سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوتەی سەعد لامی، ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە بەهێزکردنی هاوکاری بووە لە نێوان هەردوولا، بە مەبەستی ئاسانکردنی پرۆسەی بەدەستهێنانی زانیاری ورد لەسەر دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، چ ئەوانەی لەناو هەرێمی کوردستان نیشتەجێن یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
سەعد لامی گوتی: "ئەم هەماهەنگییە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەرچووانی هەرێمی کوردستان پشکی خۆیان لە هەلی دامەزراندنەکاندا هەبێت."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی روونیکردەوە لە کۆبوونەوەکاندا رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی داتا و زانیارییەکان لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بگاتە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، تاوەکو ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بتوانێت سوود لەو زانیاریانە وەربگرێت بۆ دامەزراندنی دەرچووان لە داهاتوودا.
سەعد لامی دەڵێت، ئەنجوومەنەکەیان پابەندە بە یاسای بودجە و لە یاسای بودجەی سێ ساڵیدا (2023،2024 ، 2025)، 31 هەزار پلەی دامەزراندن بۆ هەڵگرانی بڕوانامە باڵا و یەکەمەکان دیاریکرا، کە بەشێک لەوانە لە هەرێمی کوردستان دامەزراون.
هەروەها راشیگەیاند، ئەگەر لە ساڵانی داهاتوودا دامەزراندن هەبێت، ئەوا هەرێمی کوردستان پشکی خۆی دەبێت و هیچ جیاکارییەک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق ناکرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی ئاشکرای کرد کە لە داهاتوودا دیداری دیکەشیان دەبێت، بە مەبەستی گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی پرسی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ