رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا لە هەردوو ناوچەی عەکاشات و قائیم پێکدەهێنێت و رایدەگەیێنێت، دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڕیار و رێکاری پێویست دەگرنەبەر.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 3ـی شوباتی 2024، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنەکە پێکهێنا بۆ ئەوەی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا شەوی رابردوو مووشەکبارانی کردبوون.
لیژنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکاندا کارەکانی دەکات. هەنگاوی یەکەمی بەسەرکردنەوەی ئەو پێگە ئەمنی و ناوچە سڤیلانە دەبێت کە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بوون لە رۆژئاوای عێراق.
لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە نێوەڕۆکی بەئامانجکردنی پێگەکان دەکات و راپۆرتێکی بەپەلە ئامادە دەکات و پێشکێشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت و رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.
هێرشەکە نیوەشەوی رابردوو ئەنجامدرا و نیو کاژێری خایاند. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هێرشە دووژمنکارییەکە"ی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە سنووری قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکە برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕان بەدوای ژمارەیەک تەرم بەردەوامە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ