دادگەى فیدراڵى بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار: دەتوانن پڕۆژەیاسا بدەنە پەرلەمان

02-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بە نووسراوێک سەرۆکایەتیى کۆمار ئاگادار دەکاتەوە کە دەتوانن پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمان بکەن، جگە بودجە و ژمێرەى کۆتایی بودجە نەبێت. ئەمەش دوای ئەوەی حکومەت داوای کردبوو سەرجەم ئەو پرۆژەیاسایانەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناردوونی بۆ پەرلەمان بکشێندرێنەوە.
 
ئەو شرۆڤەیەى دادگە 24ى تەممووزی 2024 دەرچووە، لەسەر بنەماى داواکارییەک بووە کە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئاراستەى دادگەکەى کردووە و داوا دەکات شرۆڤە بۆ بڕگەى دووەمى مادەى 60ى دەستوور بکات کە ئایا سەرۆکایەتى کۆمار دەتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمان بکات یان نا. 
 
دادگەى فیدراڵى لە وەڵامى ئەو داواکارییەى سەرۆککۆماردا ئاماژەى بەوەداوە سەرۆکایەتى کۆمار دەتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمان بکات، تەنیا پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى و ژمێرەى کۆتایی بودجە نەبێت، کە لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیراندایە.
  
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو دواکارییەى سەرۆککۆمار لە دادگەى باڵاى فیدراڵى لەدواى ئەوە بووە کە حکومەت داواى لە پەرلەمان کردبوو سەرجەم ئەو پڕۆژە اسایانە بکشێندرێتەوە کە پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمارەوە پێشکێشکراون.
 
لە بڕگەى یەکەمى مادەى 60ى دەستووری عێراقدا هاتووە: "پڕۆژەیاساکان لەلایەن سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنى وەزیرانەوە پێشکێشی پەرلەمان دەکرێن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە