پلەی گەرما لە بەغدا گەیشتووەتە نیوەى پلەى کوڵان

03-08-2023
ئەنمار غازی
پیاوێک لە شەقامێکی بەغدا خۆی فێنک دەکاتەوە. وێنە: رووداو
پیاوێک لە شەقامێکی بەغدا خۆی فێنک دەکاتەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

حەسەن کازم دوو دەیەى تەمەنى لە کارە قورسەکەیدا لەبەر خۆر بەسەربردووە، ئێستا گەرما تەنگی پێ ‌هەڵچنیوە، بەڵام بەردەوامە لە کارەکەی و بەرگەی ئاستەنگەکانی ژیان لەپێناو دابینکردنی قوتى خێزانەکەى دەگرێت.
 
حەسەن کازم، ئاسنگەر دەڵێت، "لەسەر ئەم کارە راهاتووین، لە کاژێرێکدا چارەکێک پشوو دەدەین و دەست و دەموچاومان دەشۆین و جارێکى دیکە دەستپێدەکەینەوە، ئەم کڵاوە دەکەمە سەرم بۆئەوەى رێگرى بکەم لە تیشکى خۆر و گەرما لەسەرم کەم بکەمەوە، بەر لە دوو رۆژ نەمتوانى لە کارەکەم بەردەوام بم و بێ هۆش بووم بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، کە خستمى بە زەویدا."
 
پلەکانى گەرما لە بەغدا گەیشتووەتە نیوەى پلەى کوڵان، بەگوێرەى کەشناسیى عێراق لە شەش پارێزگاى باشوور پلەى گەرما گەیشتووەتە 50 پلەى سیلیزی.
 
عامر جابرى، گوتەبێژى دەستەى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانیى عێراق رایگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو ناوچانەى کە کاریگەر دەبێت بە بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، پێنجەم وڵاتە لەو 11 وڵاتەی کە زۆرترین گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوایان لەسەر دەردەکەوێت، بەهۆى دەرکەوتنى کاریگەرییەکانى لە عێراق و فشەڵیى گڵەکەى و نەبوونى ئاوى پێویست و رووبەر و پشتێنەى سەوزایی و وشکبوونەوەى زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەمانە هەموویان هاوکارن بۆ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما، ئەوەش جگە لە گازە دەردراوەکان و نەبوونى وزەى جێگرەوەى بەردەوام کە رێکخراوى جیهانیى کەشوهەوا جەختى لێدەکاتەوە."
 
هاووڵاتییان هەوڵدەدەن کاریگەرییەکانى گەرما لەسەریان کەم بکەنەوە لەڕێگەى تێپەڕبوون بەژێر پرژێنەرى ئاو، هەندێکی دیکەش لە تیشکى خۆر خۆیان لادەدەن، بۆئەوەى پارێزگاری لە تەندروستییان بکەن بەگوێرەى رێنوێنییە تەندروستییەکان.
 
سەرەڕاى مەترسییەکان و پیسبوونى ئاوى رووبارى دیجلە، مەلەکردن لەنێو رووبارەکە چارەسەرێکە بۆ رزگاربوون لە بەرزیی پلەى گەرما.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە