راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری دەستوور: هەمواری یاسای دادگەی فیدراڵی ئامادەیە

01-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستوور رایگەیاند، هەمواری یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی تەواو بووە و رادەستی سەرۆکوەزیران کراوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی لەگەڵ لایەنەکان و پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران.
 
رۆژی دووشەممە، 1-1-2024، حەسەن یاسری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستوور، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند، ئەو لیژنەیەی سەرۆکوەزیران بۆ ئامادەکردنی رەشنووسەکە پێکیهێنابوو کە بە سەرۆکایەتی ئەو و ئەندامێتیی ئەندامان لە سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کارەکانی تەواو کردووە و رەشنووسەکەی بۆ سەرۆکوەزیران بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکات و لەگەڵ هێزە سیاسییەکان دانوستاندنی لەبارەوە بکرێت، پێش رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان.
 
حەسەن یاسری ئاماژەی بەوەدا لەبارەی رەشنووسەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوانە سەرۆکۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی گفتوگۆیان کردووە و راسپاردەکان رەچاودەکرێن، دەشڵێت: "چاککردنی رەشنووسی یاساکە بۆ لابردنی هۆکارەکانی ناکۆکییەکان و جەختکردنەوەیە لەسەر پڕنسیپی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێدانی پسپۆڕیی زیاترە بە دادگەکە وەکو ئەوەی دەستوور دیاریکردووە."
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی رەشنووسەکە، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کارووباری دەستوور دەڵێت: "دەبێت دادگەکە لە دادوەران و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی پێکبێت، هەروەها مەرجە تەنیا سەرۆکی دادگەکە و جێگرەکەی دادوەر بن." 
 
بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق ئەوەشی هەموارکراوەتەوە کە بەربژێرکردنی دادوەرانی دادگەکە تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی دادوەری دەبێت، دەشڵێت: "چەند لایەنێک ئەندامانی دادگەکە بەربژێر دەکەن، لەوانە ئەنجوومەنی دادوەری، دادوەران پێشنیاز دەکات، لیژنەیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە لە وەزیر، بە سەرۆک و ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت و وەزیرانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکان و سەرۆکی لێژنەی راگرانی کۆلێژەکانی یاسا لە عێراق هەڵدەستن بە بەربژێرکردنی ئەندامانی دادگەکە لە بەشی پسپۆڕانی شارەزایانی یاسا، هەروەها دیوانەکانی وەقفەکان ئەندامانی دادگە لە پسپۆڕانی فیقهی ئیسلامی بەربژێر دەکەن، پاشان ناوی بەربژێرەکان دەچێتە بەردەست لیژنەیەکی ناوەندی کە لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی پێکدێت و لەو ناوانە هەڵدەبژێرن." 
 
دادگەی باڵای فیدراڵی بەرزترین دادگەیە لە عێراق، تایبەتە بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە دەستوورییەکان، بەپێی بڕیاری ژمارە 30ـی ساڵی 2005 دامەزراوە، بڕیارەکانی یەکلاییکەرەوەن و تانەلێدانیان نییە، بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندبوونی پێوە هەیە. دادگەکە لە هەشت ئەندام و سەرۆکێک پێکدێت، دوو لە ئەندامانی کوردن، بەهۆی بڕیارەکانییەوە لە ساڵی 2021ـەوە زیاتر تیشکی دەخرێتە سەر، بەتایبەت بەشێک لە بڕیارەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان بوون.
 
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دوورخستنەوەی دوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و بابەتی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز لە دیارترین بڕیارەکانی دادگەکە بوون لە ماوەی رابردوودا. جگە لەوانەش رۆژی 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند: "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت