بەشێكی بەرچاوی شەقامی ئێرانی بەسەر پزیشکییان و جەلیلی دابەشبووە

01-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
بانگەشەی هەڵبژاردنی سەعید جەلیلی
بانگەشەی هەڵبژاردنی سەعید جەلیلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چۆڵبوونی گۆڕەپانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بۆ پزیشکییانی ریفۆرمخواز و جەلیلی نەریتخواز، تاڕادەیەکی زۆر دابەشبوونی شەقامی ئێرانی بەسەر ئەو دوو جەمسەرە خستەڕوو.
 
سینا، دانیشتووی تاران دەڵێت، "لە قۆناخی یەکەم کە رێژەی بەشداری 40% بوو، پزیشکییان توانیی بە جیاوازیی ملیۆنێك دەنگ پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت؛ هەرچەندە جەلیلیش دەنگی هێناوە، بەڵام ئەنجامی کۆتایی بە سوودی پزیشکییان دەبێت."
 
لە یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کانوونی دووەمی 1980وە تاوەکو دوایینیان کە لە 28ی حوزەیران کرا، کە 14یەمین خولی سەرۆکایەتی بوو، دووەم جارە هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم.
 
یەکەمجار لە 2005دا بوو لەنێوان هاشمی رەفسنجانی کە ئەو کات نوێنەرایەتیی تاڕادەیەک بەرەیەکی نوێی میانڕۆی دەکرد، لەگەڵ ئەحمەدی نەژادی نەریتخوازی راستڕۆ.
 
زەینعەلی، دانیشتووی تاران دەڵێت، "حەز دەکەم جەلیلی براوە بێت، چونکە لە خەڵک نزیکترە و هەست بە ئازاری خەڵک دەکات؛ پشت بە خودا هەر بەو جۆرەش دەبێت."
 
بە چوونە دەرەوەی لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان؛ قالیبافی نەریتخواز وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەگەڕێتەوە پۆستەکەی و ئەو کات چاودێریکردنی کار و چالاکی و پڕۆژە یاساکانی حکومەت؛ ئەرکی سەرەکیی دەبێت.
 
سینا، دانیشتووی تاران دەڵێت، "نەخێر، تەنانەت ئەگەر پزیشکییان ببێتە سەرۆکیش، هێشتا ناتوانێت زۆر گۆڕانکاری بکات، چونکە دەستووری ئێران دەستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای لە بەرامبەر کارەکانی حکومەت کردووەتەوە و دەشتوانێت بەربەست دروست بکات."
 
سەعید جەلیلی نەریتخواز، تاڕادەیەکی زۆر نوێنەرایەتیی دیدی سیاسیی رێبەری ئێران دەکات، کە بە ئاراستەی پاڵپشتیکردنی بەرەی "بەرهەڵستکاری"یە لە ناوچەکە؛ گەرچی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا جەختی لەسەر پرسی ناوخۆیی کردەوە لەنێویاندا کۆمەڵگە و نەریت.
 
شەیما، دانیشتووی تاران حەز دەکات جەلیلی ببێتە سەرۆکی ئێران، "تاوەکو بە بیرکردنەوە ئایینییەکەی پەرە بە بەرهەڵستکاری بدات و هەلیش بۆ ئێران بڕەخسێنێت لەم دەرفەتە مێژووییەدا چەندین هەنگاو بیباتە پێش."
 
کێشەکان زۆرن و دەسەڵاتەکان کەم؛ ئەمە بۆچوونی زۆربەی شەقامی میانڕۆی ئێرانە، کە پێیوایە سەرۆکی وڵات کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی بەیتی رێبەری و دەسەڵاتی یاسادانان، کە تێیدا نەریتخوازەکان زۆرینەیان بەدەستەوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە