پارێزگای سنە کەمترین رێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران تۆمارکرد

29-06-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی سەرۆککۆماریی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، رێژەی بەشداریکردن 39.96٪ بووە و پارێزگای سنە بە 23٪، کەمترین رێژەی بەشداریکردنی لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکردووە.
 
رۆژی هەینی (28ـی حوزەیرانی 2024) هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 کەس بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد.
 
هەڵبژاردنەکە لە کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی تاران لە 58 هەزار و 640 بنکە بەڕێوەچوو، کە 34 هەزار و 522 بنکەیان لە شارەکان و 24 هەزار و 188 بنکەش لە گوندەکان بوون. بەسەریەکەوە لە 43 هەزار و 425 بنکەی جێگیر و 15 هەزار و 215 بنکەی گەڕۆک پێکهاتبوو.
 
بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە لە کاژێر 06:00ـی ئێوارە کۆتایی بێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئێران سێ جار کاتی هەڵبژاردنەکەی بە بیانووی بەشداریکردنی لەڕادەبەدەری خەڵک لە هەڵبژاردنەکە درێژکردەوە و، کاژێر 12ـی شەو دەرگای بنکەکانی دەنگدان داخران.
 
هەڵبژاردنەکە لە 344 بنکەی دەنگدان لە 138 کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئێران لە 98 وڵاتی جیهان کرا.
 
ئەمڕۆ (شەممە 29ـی حوزەیرانی 2024) موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رێژە و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێرانی راگەیاند.
 
بەگوێرەی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 کەس بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە و رێژەی بەشداریکردنی بە نزیکەی 40٪ (39.96٪) راگەیاند.
 
لەو هەڵبژاردنە هەریەک لە مەسعود پزیشکیان، سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی بەربژێر بوون بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری کە هەرکامەیان ژمارەی دەنگەکانیان بەم شێوەیە بوو:
 
مەسعود پزیشکیان: 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگ، رێژەی دەنگەکان 42.6٪
سەعید جەلیلی: 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگ، رێژەی دەنگەکان 38.8٪
محەممەدباقر قالیباف: 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگ، رێژەی دەنگەکان، 13.8٪
مستەفا پوورمحەممەدی: 206 هەزار و 397 دەنگ، رێژەی دەنگەکان 8٪
 
گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی هیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی 50٪ +1ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، دوو بەربژێر کە زیاترین دەنگیان هێناوە، واتا سەعید جەلیلی و مەسعود پزشکیان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن کێبرکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماریی ئێران دەکەن".
 
رێژەی بەشداریکردنی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردن
 
بەگوێرەی ئامارە بەراییەکان لە رێژەی بەشداریکردنی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای سنە بە بەشداریکردنی 23٪ کەمترین رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکردووە.
 
بەشداریکردنی پارێزگای سنە لەم هەڵبژاردنە، لەچاو هەڵبژاردنی خولی 13ـەیەمی سەرۆککۆماریی ئێران لە ساڵی 2021 بە رێژەی 14.4٪ کەمی کردووە. رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی سەرۆککۆماریی ئێران لە سنە 37.4٪ بوو.
 
رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای کرماشان 32.8٪ راگەیێنراوە کە بەراورد بە خولی 13ـەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران 13.2٪ دابەزیوە و لە هەڵبژاردنی پێشوو رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای کرماشان 46٪ بوو.
 
لە پارێزگای ورمێ رێژەی بەشداریکردن 40.1٪ راگەیەنراوە کە ئەویش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی 13ـەیەمی سەرۆککۆماریی ئێران بە رێژەی 6.7٪ دابەزیوە، لە خولی پێشووی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای ورمێ 46.8٪ بوو.
 
لە پارێزگای لوڕستانیش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێژەی بەشداریکردن کەمی کردووە، بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە لەچاو هەڵبژاردنی پێشوو 13.2٪ دابەزیوە، دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رێژەی بەشداریکردنی لەم پارێزگایە 35٪ راگەیاندووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی سەرۆککۆماری ئێران رێژەکە 48.2٪ بوو.
 
پارێزگای ئیلام زیاترین رێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکردووە و بەگوێرەی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە 47٪ بووە، بەڵام سەرباری ئەمەش رێژەکە لەچاو هەڵبژاردنی خولی پێشوو بە ئاستێکی بەرز و بە رێژەی 16.1٪ دابەزیوە، لە هەڵبژاردنی خولی 13ـەیەمدا رێژەی بەشداریکردن 63.1٪ بوو.
 
بەرزترین و نزمترین ئاستی بەشداریکردنی پارێزگاکانی ئێران
 
رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران لەچاو هەڵبژاردنی پێشوو بە شێوەیەکی گشتی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە خولی پێشوو رێژەی بەشداریکردن 48٪ و رێژەی دەنگە سووتاوەکانیش 13٪ راگەیەنرا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداریکردن 39.96٪ راگەیەنرا و دەنگە سووتاوەکانیش 4.3٪ بوون.
 
پارێزگای سنە بە بەشداریی 23٪ـی خەڵک لە دەنگدان، کەمرتین ئاستی بەشداریکردنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمارکردووە و هاوکات رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای تاران 23.2٪ بووە و کەمترین رێژەی بەشداریکردنی لەدوای سنە لەسەر ئاستی ئێران تۆمارکردووە.
 
زیاترین رێژەی بەشداریکردن لەسەر ئاستی ئێران لە پارێزگای خوراسانی باشوور تۆمارکراوە و بەگوێرەی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە 61٪ بووە، بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو رێژەی بەشداریکردنی ئەم پارێزگایە 14٪ دابەزیوە. لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆککۆماریی ئێراندا رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای خوراسانی باشوور 74.4٪ بوو.
 
بڕیارە رۆژی هەینی 5ـی تەمووزی 2024 گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەبچێت. کێبڕکێکە بۆ یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆککۆماری ئێران، لەنێوان هەریەک لە مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی، دوو بەربژێری دەرچوو لە گەڕی یەکەم دەبێت. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە