وەزارەتی تەندروستیی ئێران: ساڵانە 550 هەزار کەس جەڵتەی مێشک لێیان دەدات

28-10-2023
فواد حەقیقی
نیشانەکردن جەڵتەی مێشک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، ساڵانە بە شێوەی تێكڕا 550 هەزار کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان جەڵتەی مێشک لێیان دەدات و 15٪ـیان گیانیان لەدەست دەدەن.
 
عەلیڕەزا مەهدەوی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری نەخۆشییە گوازراوەکان، ئەمڕۆ شەممە، 28-10-2023 گوتی، "جەڵتەی مێشک دووهەمین هۆکاری مردنە لە ئێراندا."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، "پیاوان زیاتر لە ژنان جەڵتەی مێشک لێیان دەدات، بەڵام لەنێوان گوندنشین و شارنشیناندا جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە."
 
عەلیڕەزا مەهدەوی دەڵێت، شەکرە، هەڵکشانی تەمەن، ناڕێکی لێدانی دڵ، جگەرەکێشان، کۆلیسترۆڵی بەرز، راوەستان یان دابەزینی هەناسەدان لە خەودا، جەڵتەی مێکشیان لێ دەکەوێتەوە.
 
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری نەخۆشییە گوازراوەکان هەندێک بابەت وەک رێکاری رێگەگرتن لە جەڵتەی مێشک باس دەکات، لەوانە وەرزشکردن، خۆراکی تەندروست، نەکێشانی جگەرە، نەخواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان و بەکارهێنانی رێکوپێکی دەرمانی پەستانی خوێن و شەکرە.
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، 15٪ـی ئەو کەسانەی جەڵتەی مێشک لێیان دەدات، گیان لەدەستدەدەن. بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش، لە 32٪ـی خەڵکی سەروو تەمەن 18 ساڵ لەو وڵاتە، کێشەی پەستانی خوێنیان هەیە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە