کەشتییە ئێرانییەکە ئاراستەکەی بەرەو تورکیا دەگۆڕێت

24-08-2019
هۆشەنگ دارا
نیشانەکردن ئێران
A+ A-

رووداو - هەولێر

کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی "ئادریان دەریا-1"، کە پێشتر ناوی گرەیس-1 بوو، ئاراستەی خۆی بەرەو تورکیا گۆڕیوە.

کەشتییەکە رێگەی خۆی بەرەو بەندەری مێرسین لە تورکیا گۆڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەو بەندەرە بە گوێرەی پێویست قووڵ نییە تاوەکو کەشتییەکە لەنگەری تێدا بگرێت.

تیمی کەشتیوانییەکەش لەهەر کاتێکدابێت دەتوانن ئاراستەی کەشتییەکە بگۆڕن، بۆیە هێشتا بەتەواوی روون نییە کەشتییەکە بە دڵنیایی روو لە تورکیا دەکات یان نا.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە هەر لایەنێک کرد کە بیەوێت یارمەتی کەشتییەکە بدات.

هەڕەشەکەی ئەمریکا تەنها تایبەت نەبوو بە وڵاتان، بەڵکو کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری کەشتیوانیش دەگرێتەوە، لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە تووندی سزای ئەو کۆمپانیایانەی بواری کەشتیوانی دەدات ئەگەر هاوکاری کەشتییەکەی ئێران بکەن.

پێشتریش مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا سوورە لەسەر داواکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییە. 

هاوکات یۆنان بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاندووە، ئامادە نییە هیچ جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بەو کەشتییە بکات و رێگەنادات لە کەناراوەکانی لەنگەر بگرێت.

کەشتییە ئێرانییەکە، کە هەڵگری دوو ملیۆن بەرمیل نەوتە، دوای دەستەبەسەرداگرتنی لە جەبەلتاریق، ئازادکراو و رێگەی لە دەریای ناوەڕاست گرتووەتە بەر. بەپێی نوێترین زانیاری وێبسایتی  MarineTraffic.com کە تایبەتە بە شوێنهەڵگرتنی کەشتییەکان، ئێستا کەشتییەکە لە باشووری سیسیلیایە لە دەریای ناوەڕاست.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە