رووداو- هەولێر
گوتەبێژی ئاژانسی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و بێلایەنانە لە شێوازی مەرگی ژینا ئەمینی بکەن و پێویستە هەموو وردەکارییەکیش لەو بارەوە بە خێزانی ئەو کچە کوردەی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 22-9-2022، جیریمی لۆرێنس، گوتەبێژی ئاژانسی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی عەلی سەرباز، لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەبارەی مەرگی ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "نووسینگەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی کردووە کە دڵنیایی بدەن لەوەی مەرگی مەهسا ئەمینی و ئەو تۆمەتانەی باس دەکرێن لە بواری ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردنەوە لەگەڵی، بەشێوەیەکی ورد، سەربەخۆییانە، بێلایەنانە و بەشێوەیەکی کاریگەر لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت. پێویستە ئەندامانی خێزانی ئەو کچە رێگەیان پێبدرێت راستیی هەموو شتێکیان دەستبکەوێت و دادپەروەریی جێبەجێبکرێت".
"پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان" پەیماننامەیەکە کە تاوەکو ئێستا 74 وڵات واژۆیان کردووە. ئەو وڵاتانەی پەیماننامەکەیان واژۆکردووە، دەبێت رێز لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هاووڵاتییانیان بگرن، لەوانەش مافی ژیان، ئازادیی ئایین، ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی گردبوونەوە و خۆپێشاندان، ئازادیی بواری دەنگدان. ئێران لە 4ی نیسانی ساڵی 1968دا پەیماننامەکەی واژۆ کردووە.
بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی جیریمی لۆرێنس پەیوەندی بە پابەندبوونەکانی ئێران لە چوارچێوەی بەندەکانی ئەو پەیماننامەیەدا بوو و گوتی: "پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان کە ئێران بەشێکە لێی، ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک هاووڵاتییەک لە دۆخێکی نائاساییدا گیانلەدەستدات، ئەوەش کاتێک لە دامەزراوەیەکی دەوڵەت دەستبەسەرە، چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی هەندێک بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت. پێویستە دەوڵەت لێکۆڵینەوە بکات و دەبێت ئەو لێكۆڵینەوەیەش وەڵامدەرەوەی پرسیارەکان بێت؛ هەروەها دەبێت لێکۆڵینەوەکە کاریگەر، سەربەخۆیانە و بێلایەنانە و شەفاف بێت".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 ژینا ئەمینی لە تاران بە تۆمەتی دانەپۆشینی قژی بە تەواوی دەستگیرکرا و رۆژی 16-09-2022 لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەستدا. مەرگی ئەو کچە کوردە ناڕەزایی گەورەی هاونیشتمانییان و خەڵکی ئێران و بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی ئاژانسی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بزانم ئایا ئێوە هیچ رۆڵێک لە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە مەرگی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) دەگێڕن؟ روونە کە ئێوە داوای لێکۆڵینەوەتان لەو بوارەدا کردووە.
جیریمی لۆرێنس، گوتەبێژی ئاژانسی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان: بەڕێز عەلی، نووسینگەی سەرۆکی ئاژانسی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی کردووە کە دڵنیایی بدەن لەوەی مەرگی مەهسا ئەمینی و ئەو تۆمەتانەی باس دەکرێن لە بواری ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردنەوە لەگەڵی، بەشێوەیەکی ورد، سەربەخۆییانە، بێلایەنانە و بەشێوەیەکی کاریگەر لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت. پێویستە ئەندامانی خێزانی ئەو کچە رێگەیان پێبدرێت راستیی هەموو شتێکیان دەستبکەوێت و دادپەروەریی جێبەجێبکرێت. بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ئێران بەرپرسیارێتی ئەوەی لەئەستۆدایە کە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە ئەنجام بدات. پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان کە ئێران بەشێکە لێی، ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک هاووڵاتییەک لە دۆخێکی نائاساییدا گیانلەدەستدات، ئەوەش کاتێک لە دامەزراوەیەکی دەوڵەت دەستبەسەرە، چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی هەندێک بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت. پێویستە دەوڵەت لێکۆڵینەوە بکات و دەبێت ئەو لێكۆڵینەوەیەش وەڵامدەرەوەی پرسیارەکان بێت؛ هەروەها دەبێت لێکۆڵینەوەکە کاریگەر، سەربەخۆیانە و بێلایەنانە و شەفاف بێت".



