رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی تاران لە پەرلەمانی ئێران هۆشداری لە کاریگەرییەکانی کەمئاوی دەدات و دەڵێت، ''ئەگەر دەست بە ئاوەوە نەگیرێت، لەوانەیە حکومەت ناچار بێت، هەفتانە لە تاران، سێ یان چوار رۆژ بکاتە پشوو.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-07-2025، ئەمیرحوسێن سابتی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە پشکی تاران ئاماژەی بە گرفتی کەمئاوی کرد و رایگەیاند، ''بۆ رێگری لە قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکە پێویستە لە سەرانسەری وڵات، بەتایبەتی تارانی پایتەخت، ئاو بە شێوەیەکی رێکخراوتر بەکاربهێنرێت.''
ئەمیرحوسێن سابتی هۆشداری دا، ''ئەگەر بە شێوەی پێویست دەست بە ئاوەوە نەگیرێت، لەوانەیە حکومەت تاوەکو کۆتایی وەرزی هاوین، ناچار بێت هەفتانە لە رۆژی سێشەممە یان چوارشەممەوە لە تاران پشوو رابگەیێنێت.''
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی ئێران، حکومەت ناچارە ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی دانیشتووانی تاران لەو رۆژانەدا کە پشوو رادەگەیێنرێت، لە شارەکە بچنە دەرەوە و رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە تاران داببەزێت.
ئەمیرحوسێن سابتی جەختیشی لەوە کردەوە، ''ئەگەر لە تاران بەکارهێنانی ئاو کەم نەکرێتەوە، بێگومان رووداوی تاڵ روودەدەن''.
قسەکانی ئەو پەرلەرمانتارە لەکاتێکدان کە حکومەتی ئێران بە مەبەستی ''ئیدارەدانی باشتری ئاو''، ئەمڕۆ چوارشەممەی لە تاران و هەندێک شاری دیکە کردووەتەوە پشوو.
ئەم ساڵ ئێران جیا لە کەمیی کارەبا و گاز، تووشی قەیرانێکی بەرچاوی ئاو بووەتەوە، بە شێوەیەک کە حکومەت لە بەشێک لە ناوچەکانی تاران و چەندین شاری دیکە، ناچارە لە رێگەی تانکەوەرە ئاو بۆ دانیشتووان دابین بکات.



