رووداو دیجیتاڵ
19ی ئایار، لە تارانی پایتەختی ئێران رۆژێکی ئاسایی بوو، سەرۆککۆمار بۆ کردنەوەی بەنداوێک، چووەتە سەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئازەربایجان، بەڵام کاژێر 4:00ی ئێوارە میدیای فەرمیی وڵات هەواڵێکی شۆکهێنەر بڵاودەکاتەوە، نێوخۆ و جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات.
سەحەر ئیمامی، بێژەری کەناڵی IRINN هەواڵەکەی راگەیاند، "راپۆرتی پشتڕاستنەکراو هەیە لەبارەی ئەوەی لە ناوچەی جولفە رووداوێک بەسەر ئەو هێلیکۆپتەرەدا هاتووە کە سەرۆکی تێدا بووە."
رێبەری باڵای وڵات لەسەر شاشەکان دەردەکەوێت و دڵنەوایی بە خەڵکەکەی دەدات. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، "دڵنیابن کە هیچ کێشەیەک بۆ کاروباری وڵات دروست نابێت."
کاروانی سەرۆک لە سێ هێلیکۆپتەر پێکهاتبوو. لە کاتی گەڕانەوەیان لەسەر سنوور بەرەو پارێزگەی تەورێز، پەیوەندیی نێوان هێلیکۆپتەری سەرۆک و دووەکەی دیکە دەپچڕێت.
دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە 15 بۆ 20 خوولەک بە دوایدا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە، ناچار دەگەڕێنەوە تەورێز و بە سەلامەتی دەنیشنەوە. وەزیری وزە و وەزیری نیشتەجێبوون و گواستنەوە لەنێو ئەو دوو هیلیکۆپتەرەدا بوون.
ئەمە گێڕانەوەی بەرپرسان و میدیای فەرمیی ئێران بوو. سوپاسالاری ئێران فەرمان بە هەموو لقەکانی سوپا دەکات دەست بە گەڕان و پشکنین بکەن.
هێلیکۆپتەرەکە گرنگە و 8 کەسی تێدایە، دیارترینیان:
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە
محەممەد عەلی ئال هاشم، نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگەی ئازەربایجانی رۆژهەڵات
مالک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز
سەید مەهدی مووسەوی، سەرۆکی پاسەوانانی سەرۆککۆمار
لەگەڵ پاسەوانێکی سەرۆککۆمار و دوو فڕۆکەوان
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی سەرۆککۆماری ئێران بە هێلیکۆپتەرێکی کۆنی دروستکراوی وڵاتێکی نەیار هاتووچۆ دەکات؟ سەرەتا چی روویدا و چۆن روویدا؟
پرسیار و گومان و لێکدانەوەکان لەسەر هۆکاری تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکە دەرکەوتن. زۆرترین گومانەکان دەچنەوە سەر لێهاتوویی هێلیکۆپتەرەکە و رەوشی کەشوهەوا.
هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری بێڵ 212یە و لە لایەن کۆمپانیای بێڵ هێلیکۆتەری ئەمریکییەوە لە ساڵی 1968 دروستکراوە.
ساڵی 1971 چووەتە خزمەتەوە.
دەتوانێت 13 سەرنشین هەڵبگرێت.
ئێران لانیکەم 10 دانەی هەیە.
بە گوتەی میدیای ئێرانی، ئەو هێلیکۆپتەرەی کە تێکشکا، تاران لە سەرەتای دووهەزارەکان کڕیبووی. ئەوانی دیکە لە سەردەمی شا رەزای پەهلەوی کڕیبوونی.
بەهۆی گەمارۆی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەکانی ئێران بە گشتی رووبەڕووی خراپیی خزمەتگوزاریی چاککردنەوە دەبنەوە. هەندێ جاریش بێ ئەوەی پشکنینی سەلامەتییان بۆ بکرێت، بەکاردەهێنرێن.
میدیای فەرمیی ئێران، هۆکاری تێكشکانەکەی گەڕاندەوە بۆ "کێشەی تەکنیکی" و هیچ بەرپرسێک بە فەرمی گومانی لە هەبوونی دەستی دەرەکی نەکرد. وەزیری گواستنەوەی تورکیاش رایگەیاند، هۆکاری ونبوونی هێلیکۆپتەرەکە لە رادارەکان، ئەوەبووە کە ئامێری ناردنی سیگناڵ یاخود ئاماژەنێردەرەکەی بە دەست کوژێنراوەتەوە یان هەر لە بنەڕەتدا نەیبووە.
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، "هەر لەو ساتەوەی کە رووداوەکە بۆ یەکەمجار بیسترا، ئێمەش بەدواداچونمان بۆی کرد. هەم وەک دراوسێیەکمان و هەم وەک سەرۆککۆماری وڵاتێک بەدواداچوونمان بۆی کرد. لە هەمانکاتدا ئێران لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی ناوچەی گەڕان و رزگارکردنی دەریایی و ئاسمانیماندایە. هەروەها چاودێریی سیگناڵەکانی هەموو ئامرازە ئاسمانی و دەریاییەکان دەکەین. لە قۆناغی یەکەمدا چاودێریمان کرد کە ئایا هێلیکۆپتەرەکە سیگناڵێک دەدات یان نا. یەکسەر پەیوەندیمان بە لایەنی ئێرانییەوە کرد و ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە دانا، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت کە پێدەچێت سیستەمی سیگناڵەکە کوژاوەتەوە یان کۆپتەرەکە ئەو سیستەمە سیگناڵەی نەبووبێت، چونکە مسۆگەر ئەو سیگناڵانە بە ئێمە دەگات، بەڵام نەگەیشت."
بەڵام محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران هۆکاری ناڕاستەوخۆی رووداوەکە دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا، لەبەر ئەوەی بە گوتەی خۆی، سزاکانی ئەو وڵاتە نەیانهێشتووە "خەڵکی ئێران سوود لە خزمەتگوزاریی باشی فڕۆکەوانی وەربگرن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا، بەرپرسیارێتیی خۆی رەتکردەوە. ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئەمە بەرپرسیارێتی حکومەتی ئێرانە لەو بڕیارەی کە هێلیکۆپتەرێکی تەمەن 45 ساڵ لە کەشوهەوایێکی نالەباردا بەکاربهێنێت، نەک لایەنەکانی دیکە."
وەزیری بەرگریی ئەمریکاش رەتیکردەوە وڵاتەکەی یان هیچ هێزێکی دەرەکی دەستی لە تێکشکانی فڕۆکەکەدا هەبووبێت.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "بەردەوامین لە چاودێریکردنی دۆخەکە، بەڵام لەم کاتەدا هیچ سەرەداوێکمان لەبارەی هۆکاری رووداوەکە نییە."
کۆمپانیای Bell Textronyی بەرهەمهێنەری هێلیکۆپتەرەکەش لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا، گوتی "دەتوانین ئەوە دووپاتبکەینەوە کە کۆمپانیاکەمان هیچ کار و چالاکییەکی لەنێو ئێراندا نییە.. ئێمە هیچ زانیارییەکمان لە بارەی دۆخی ئەو هێلیکۆپتەرە نییە کە رووداوەکەی بەسەر هاتووە."
محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تێكشکانەکە پێکهێناوە. رووداوەکە لە ناوچەیەکی پڕ لە تەنگژەدا دروستبووە و کەشێکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی گومان و بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران هیچیان لەبارەی چارەنووسی سندووقە رەشەکانی هێلیکۆپتەرەکەوە رانەگەیاندووە کە دەکرێت زۆر نهێنی ئاشکرا بکەن. رای گشتیی ئێران و جیهانیش پەرۆشی وەڵامەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ