لیژنەیەکی تایبەتمەند لە هۆکاری تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی دەکۆڵێتەوە

21-05-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەند تاوەکو ئێستا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە سەرووی هەمووانەوە وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، نالەباریی کەشوهەوایان وەکو هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی راگەیاندووە، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران تیمێکی تایبەتمەندی بە سەرۆکایەتی یاریدەدەرێکی خۆی راسپارد بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ورد لە چۆنییەتی رووداوەکە بکەن.
 
کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار
 
نیوەڕۆی یەکشەممە سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرس و وەزیر لە پارێزگای تەورێز بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو پاڵاوگەیەکی نەوتی بەڕێکەوتن. هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار لە ناوچەی دیزمار کە ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانی پارێزگاکەیە کەوتەخوارەوە. دوای زیاتر لە 18 کاژێر گەڕان بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە دۆزرایەوە.
 
کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و چەند وەزیر و بەرپرسێکی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)ـیان لە پارێزگای تەورێز کردەوە، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار کەوتەخوارەوە.
 
میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری عەباس قوڵیزادە، فەرماندەی سوپای عاشوورا بڵاویکردەوە، دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە دوای ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار دەپچڕێت، بۆ ماوەی 20 خولەک بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و چڕیی تەمومژ، نەیانتوانی بیدۆزنەوە و بە ناچاری لە نزیکترین ناوچە نیشتنەوە."
 
سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە "پەیوەندییان کردووە"
 
دوو کاژێر دوای رووداوەکە، دیارنەمانی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار لە میدیاکان بڵاوکرایەوە. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری نێوخۆی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند؛ "هاوڕێیانی سەرۆککۆمار لەدوای رووداوەکە چەندین جار پەیوەندییان لەگەڵ گرتووین و نیگەرانییەکی ئەوتۆ نییە لە سەلامەتیی سەرۆککۆمار".
 
میدیای فەرمیی ئێران گوتی، چەند خولەکێک پێش رووداوەکە هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار لە رادار دەرچووە و پەیوەندیی لەگەڵ دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە پچڕاوە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر سەرۆکی مانگی سووری ئێران گوتبووی، پێشنوێژی هەینی پارێزگای تەورێز کە یاوەری سەرۆککۆمار بووە، چەند جارێک بە مۆبایلەکەی پەیوەندی بە نووسینگەی سەرۆککۆمار کردووە و گوتوویەتی "تەندروستیم باش نییە، دەنگی ئامبۆلانس دەبیستین، فریامان بکەون".
 
هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران
 
بێڵ 212، ئەو هێلیكۆپتەرە بوو کە کەوتنەخوارەوەی، بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و شاندە یاوەرەکەی. ئەو هێلیكۆپتەرە لەلایەن كۆمپانیای (بیڵ هێلیكۆپتەرز)ەوە لە سەرەتای حەفتاکانی سەتەی رابردوو دروستکراوە و دەتوانێت چەندین ئەرک بەجێبهێنێت. لەدوای دروستکردنیەوە بۆ گواستنەوەی سڤیل، سەربازی و فریاگوزاری بەکارهێندراوە.
 
درێژیی هێلیكۆپتەرەکە 17.45 مەترە و بەرزییەكەی 3.8 مەتر؛ کێشەکەشی بە بەتاڵی نزیکەی 2 هەزار و 962 كیلۆیە و خێراییەکەی 190 كیلۆمەترە لە كاژێرێكدا، هەروەها توانای هەڵگرتنی نزیکەی 2268 كیلۆ و 14 سەرنشینی هەیە.
 
فارس جواری، توێژەر و راوێژکاری فڕۆکەوانی لە ریازی پایتەختی سعودیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێلیکۆپتەرەکەی کۆمپانیای بیڵی ئەمریکی لە حەفتاکانی سەتەی رابردووەوە دوای دروستکردنیان لە ئێران کڕدراون و بەکارهێندراون."
 
بە گوتەی جواری، بەرهەمهێنانی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە هەشتاکانەوە راگیراون. گوتیشی: "فڕۆکەیەکی باشە، بەڵام بەهۆی گەمارۆی سەر ئێران، پێدەچێت کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی وەکو پێویست لە ئێران نەبووبێت."
 
هۆکاری تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکە
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی باڵای ئێران هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان بە نالەباریی کەشوهەواوە بەستووەتەوە، بەڵام لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر ئەو رووداوە، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی ئێران ئەمریکای بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە تۆمەتبارکرد و گوتی: "بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هاوردەکردنی هەموو جۆرە پارچە یەدەگێکی ئەو هێلیکۆپتەرە قەدەخە بووە و نەتوانراوە هێلیکۆپتەرەکە نۆژەن بکرێتەوە".
 
لە بەرامبەر ئەو تۆمەتبارکردنەی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە، 20ـی ئایار، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "حکومەتی ئێران فڕۆکەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە تیرۆر بەکارهێناوە." گوتیشی کە حکومەتی ئێران "بەرپرسە لە بڕیاری خۆی بۆ بەکارهێنانی هێلیکۆپتەرێکی تەمەن 45 ساڵ لە کەشوهەوایێکی نالەباردا، نەک لایەنەکانی دیکە."
 
وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوەدا تاوەکو چوار کاژێریش دوای دیارنەمانی هێلیکۆپتەرەکە، سەرنشینەکانی پەیوەندییان بە کەسانی نزیک سەرۆککۆمارەوە کردووە، پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتەش ئەو لێدوانەی رەتکردەوە و گوتی هیچ پەیوەندییەک بە کەسانی نزیک لە سەرۆککۆمار نەکراوە، هاوکات سەرۆکی دەستەی مانگی سووری ئێرانیش رایگەیاند؛ "دوای کەمتر لە کاژێرێک لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، هەموو سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە".
 
دوای نزیکەی 18 کاژێر لە دیارنەمانی، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لە رێگەی درۆنەوە شوێنی هێلیکۆپتەرەکە دەستنیشان کرا و لەگەڵ گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن دەرکەوت فڕۆکەکە لەکاتی کەوتنەخوارەوەیدا بە تەواوەتی تێکشکاوە، سەرۆکی دەستەی مانگی سووری ئێران لەکاتی راگەیاندنی هەواڵی مردنی سەرنشینەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاژێری یەکەمی رووداوەکەدا هەموو سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە و بەشێک لە سەرنشینەکان بە جۆرێک سووتاون کە ناسینەوەیان ئەستەمە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەزیری نێوخۆی ئێران لە یەکەم لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار ناچار بە نیشتنەوەی سەخت بووە و چەندینجاریش گوتی: "چوار کاژێر دوای دیارنەمانیان پەیوەندییان بە کەسانی نزیک لە سەرۆککۆمارەوە کردووە"، بەڵام ئەحمەد عەلیرەزابەیگی، پەرلەمانتاری ئێران ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی رەتکردەوە و بە میدیاکانی راگەیاند: "هیچ پەیوەندییەک لەلایەن سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەوە بە کەسانی نزیک لە سەرۆککۆمارەوە نەکراوە".
 
پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ زانینی راستیی رووداوەکە
 
درەنگی شەوی یەکشەممە بە هاوکاری درۆنی ئاکینجیی تورکیا دوای زیاتر لە چوار کاژێر گەڕان، کاژێر نزیکەی 05:00ـی بەرەبەیانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دۆزرایەوە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکەم وێنە و ڤیدیۆکان میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند: "تەمومژ رێگەی لە بینینی فڕۆکەوانەکە گرتووە و خۆی بە شاخێکدا کێشاوە و فرۆکەکە تێکشکاوە".
 
لەگەڵ رەوانەکردنی درۆن لەلایەن تورکیاوە، رووسیاش ئامادەیی خۆی بۆ دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران راگەیاند و تەنانەت پێشنیازی کرد، بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکە و هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە هاوکاری ئێران بکات، بەڵام ئێران هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەو پێشنیازەی رووسیا پیشان نەدا.
 
لە میدیاکانی ئێراندا رەخنەی زۆر رووبەڕووی تیمی ئاسایشی سەرۆککۆمار و وەزارەتی نێوخۆی ئێران کرایەوە و بەوە تۆمەتبار کران کە کەمتەرخەم بوون بەرامبەر هۆشدارییەکانی کەشناسی؛ رۆژنامەی ئیعتمادی میللی ئاماژەی بەوە دابوو سەرباری ئەوەی کەشناسی پارێزگای تەورێز 24 کاژێر پێش رووداوەکە هۆشداری لە نالەباری کەشوهەوا دابوو، بەڵام تیمی پاراستنی سەرۆککۆمار ئەو هۆشدارییەیان پشتگوێ خست.
 
لەنێو هێلیکۆپتەرەکەدا بێجگە لە سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنوێژی پارێزگای تەورێز و پارێزگاری تەورێزیش سەرکەوتبوون، گوشاری میدیا و بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی سەرۆکی دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ناچارکرد لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی راستییەکانی رووداوەکە پێکبهێنێت.
 
محەممەد باقری، سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی ئەفسەری فڕۆکەوان، عەلی عەبدوڵڵاهی، یاریدەدەری هاوئاهەنگیکاری سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران کە پێکهاتووە لە پسپۆڕانی تەکنیکی و سەربازی، راسپارد بۆ ئەوەی هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار روونبکەنەوە و ئێستا تیمەکە لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە