رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، سێ راگەیێندراوی بڵاوکردەوە، یەکەم و سێیەمیان لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر هەولێر بوون کە لە ناوەڕۆکەکانیاندا زانیاریی ناکۆک هەیە و هاوئاهەنگییان تێدا نابینرێت.
لە راگەیێندراوەکانی بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر، سوپای پاسداران شەوی رابردوو (دووشەممە، 15-1-2024) سەرەتا رایگەیاند "بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییە دژەبەرە ئێرانییەکان" کراونەتە ئامانج، بەڵام لە راگەیێندراوی کۆتاییدا کە ماوەیەکی کەم دواتر و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (سێشەمە، 16-1-2024) بڵاویکردەوە، دەڵێ "بنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی رژێمی زایۆنی (موساد)" [ئیسرائیل] کراونەتە ئامانج.
لە یەکەم راگەیێنراودا کە چەند خولەک دوای مووشکبارانەکە بڵاوی کردەوە، ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکات: بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە ئامانج. لە راگەیێنراوەکەدا دەستەواژەی "گرووپی بچووک (گروهک)" بەکارهاتووە، کە لە ئەدەبیاتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
بەڵام لە دوو راگەیێنراوی دواتردا رستەی "شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژی ئێران" لادراوە و، رستەی "گرووپە تیرۆریستییەکانی بەدنیازی نەتەوەی ئێران" جێگای گرتووەتەوە. لە راگەیێنراوی ژمارە دوودا ئاماژە بۆ هەرێمی کوردستان نەکراوە.
لە راگەیێنراوی ژمارەی سێی سوپای پاسداراندا هاتووە "بنکەیەکی سەرەکیی سیخوڕی رژێمی زایۆنی (موساد) [ئیسرائیل] لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کراوەتە ئامانج و لەنێوبراوە."
سوپای پاسداران دەڵێ "ئەم بنکەیە، شوێنی پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سیخوڕییەکان و شوێنی پلاندانان بۆ هەوڵە تیرۆریستییەکان لە ناوچە و بەتایبەت" لە ئێراندا بووە.
سوپای پاسداران لە دوایین راگەیێنراودا هەڕەشەی کردووە، "ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرانەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی تاوەکو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت، کە تۆڵەی دوایین دڵۆپە خوێنی شەهیدانمان دەکەینەوە."
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی هێرشەکە "وەڵامێک" بوو بۆ کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەرەی موقاومە.
رۆژی 25-12-2023 لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران بە ناوی رەزی مووسەوی کوژرا. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیسرائیلی بۆ ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.
پێش رووداوەکە و، لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئێران لە سووریا، دوو کەس لە پلەدارەکانی سوپای پاسداران بە ناوکانی محەممەدعەلی عەتایی شورچە و پەنا تەقی زادە کوژران. سوپای پاسداران ئەوانی وەک "راوێژکاری" سەربازیی لە قەڵەمدا.
بەپێی زانیارییەکان، سوپای پاسداران شەوی رابردووی لە گوندی "وەرمنجە" سەر بە شاری کرماشانەوە هێرشەکەی کردووە، ئەو گوندە دەکەوێتە نێوان شارەکانی کرماشان و کامێران. خەڵکی ناوچەی بێڵەواری کامێران دەڵێن، دەنگی تەقاندنی مووشەکەکان لە هەموو ئەو ناوچەیەدا بیستراوە و خەڵک هاویشتنی مووشەکەکانیان بینیوە.
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر بە 10 مووشەک بوو کە نیوەیان بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن و بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ، لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی کەرەم میخائیل، لەدایکبووی ساڵی 1981، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان لە عێراق، بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی گیانیان لەدەستدا.
هاوکات سوپای پاسداران هێرشی کردووەتە سەر سووریاش. سوپای پاسداران لە دووەمین راگەیێنراویدا دەڵێ "شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندە و ئەندامە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی [ئێران]، بەتایبەت داعش ... بە ژمارەیەک موشەکی بالستیک لەنێوبراون."
رۆژی 03.01.2024 لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، دوو تەقینەوەی روویاندا کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 90 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. داعش بەرپرسایێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.
رۆژی 15.12.2023 لە ناوچەی راسک سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە هێرشێکی رێکخراوی جەیشوعەدل، 11 کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژران و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون. سوپای پاسداران دەڵێ: هێرشی شەوی رابردوو بۆ سەر سووریا بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەو دوو رووداوە بووە.
لە ساڵی 2017ـەوە ئەوە حەوتەمین جارە کە سوپای پاسداران هێرشی موشەکیی دەکاتە سەر کۆمەڵێک ئامانج هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا.
یەکەم هێرش ساڵی 2017 بوو، دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر پەرلەمانی ئێران، سوپای پاسداران بە ژمارەیەک مووشەک بنکەکانی داعشی لە ناوچەی دێرەزوور لە سووریا کردە ئامانج.
ساڵی 2018 هێرشی مووشەکیی دووەم بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە نزیک کۆیە بوو، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری و ئەندامانی ئەو حیزبە بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
پاییزی ساڵی 2018 لە شاری ئەهواز هێرش کرایە سەر نمایشێکی سەربازیی سوپای ئێران و وەک تۆڵەسەندنەوە، سوپای پاسداران دیسان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە سووریا هێرشی کردەوە سەر داعش.
رۆژی 08.01.2020 تەنیا چەند رۆژێک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، بەرپرسی حەشدی شەعبی لە عێراق، سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکەی سوپای ئەمریکا لە عەین ئەسەد لە عێراق. ئەو هێرشە لە نزیک کرماشانەوە کرا.
هێرشی پێنجەم ئاداری 2022، کە ماڵی شێخ باز لە هەولێر کرایە ئامانج. هەروەها ساڵی 2023ـش سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی بەربڵاوی کردە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک کۆیە، هەولێر و سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ