رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایدەگەیێنێت، لیستێکی 120 کەسییان داوەتە عێراق بۆ ئەوەی رادەستیان بکرێتەوە. دەشڵێت: "ئەوانەی داواکراون کوردن و بەمنزیکانە دادگایی دەکرێن."
کازم غەریب ئابادی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، بە ئاژانسی تەسنیمی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، لیستێکی 120 کەسیی [دژبەرانمان] داوەتە عێراق بۆ ئەوەی رادەستمان بکرێنەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "کۆتایی ئەم ساڵ دۆسیە لە دژی سەرجەم گرووپە [دژبەرەکان] دەکرێتەوە و داواکاری دەدرێتە وڵاتانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی رادەستبکرێنەوە،" هەنگاوی داهاتووش بریتی دەبێت لە دادگاییکردنیان.
ئەو بەپرسە ئێرانییە لەبارەی عێراقەوە، ئەوەشی گوتووە: "ئەو 120 کەسەی داواکراون خۆیان داوەتە پاڵ کوردانی شەرەفمەندی عێراق، دەمانەوێت بەمنزیکانە دادگاییان بکەین."
لەبارەی چەکدارانی رێکخراوی داعش و رێکخراوە تووندئاژۆکانی دیکەوە کە بە"تەکفیری" وەسفی کردوون، کازم غەریب ئابادی گوتوویەتی: "رێکاری دادوەری و هەواڵگرییان لە دژ گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بناسرێنەوە، جگە لە داوای رادەستکردنەوەیان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانیشیان دەستپێدەکات."
فوئاد خاکی بەیگی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بێئاگایی خۆی و سەرکردایەتیی پارتەکەی لە بوونی وەها لیستێک بۆ رووداو نیشاندا و گوتی، "ئەگەر لیستێکی ئاوا هەبێت بەشی زۆری بەرپرسانی حیزبی ئێمە و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی تێدایە."
لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، "نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە حکومەتی عێراق و هیچ لایەنێکی دیکە لەبارەی ئەو پرسە و بوونی لیستێکی ئاواوە لەگەڵ ئێمە قسەیان نەکردوو، ئەگەر لیستی ئاوا هەبێت و داواکراو هەبێت، لەکاتی خۆیدا قسەمان دەبێت."
دوای پاساوەکانی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە کە بەرپرسانی کوردستان ئەوەیان رەتکردووەتەوە، رێککەوتننامەیەکی ئەمنی واژۆکرا.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
دیارترین خاڵی رێککەوتنەکەش دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەسەر سنوورەکان و چەکدانانیان بوو.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی 28-08-2023 رایگەیاند، "عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە."
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رۆژی 4ی ئەیلوولی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. تووندتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ