​ ماسیی زرێبار گەشتیاران لە باشووری کوردستانەوە بۆ رۆژهەڵات رادەکێشێت

11-09-2019
سامان بەشارەتی
سامان بەشارەتی
.
.
نیشانەکردن ماسی زرێبار مەریوان رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو - زرێبار

نێوبانگ و تام و چێژی ماسیی زرێبار، وایکردووە هاونیشتمانییان لە باشووری کوردستانەوە چەندین کیلۆمەتر ببڕن تەنیا بۆ خواردنی ماسی زرێبار.

زرێبار، یەکێک لە گەورەترین دەریاچەکانی ئاوی شیرینی جیهان، کە 15 کیلۆمەتر لە دەروازەی باشماخ دوورە. ماسییەکانی ئەو دەریاچەیە بوونەتە هۆی راکێشانی گەشتیاران لە باشووری کوردستانەوە بۆ مەریوان و کەناراوەکانی زرێبار.

هەرکەسێک سەردانی باشماخ بکات، بەلای دیمەنە دڵڕفێنەکانی زرێباردا تێدەپەڕێت، تینووانی سرووشتی ناوازە و ماندووانی رێ، تاوەکو لە کەناراوەکانی پشوویەک نەدەن و تامی ماسییەکەی نەکەن، تێناپەڕن.

خەلیل مەحموود نەجات، ماسیفرۆشە لە کەناری دەریاچەی زرێبار، دەڵێ "خەڵکی باشووری کوردستان بەتایبەت هاتوون بۆ ئێرە، ماسییان خواردووە و گەڕاونەتەوە. خزمی خۆم هەبووە، لە سەیدسادقەوە هاتووە و بە یەک کاژێر گەیشتووەتە ئێرە بۆ ماسیخواردن. زۆرکەسیش هەیە داوای ماسی سەفەری کردووە و لێرەوە بۆمانناردووە بۆ سەر مەرز و بردوویەتییەوە".

نێوبانگ و تام و چێژی ماسی زرێبار، وایکردووە نزیکەی 500 کەس بژێوی ژیانیان لەڕێگەی راو و برژاندنی ماسی لە دەریاچەکە دابینبکەن.

سالار خەراجیانی، گەشتیارە لە زرێبارەوە قسە بۆ رووداو دەکات و، دەڵێ "زۆرکەس دێت بۆ زرێبار و لێرە ماسییەک دەخوات و دەگەڕێتەوە. من، بۆخۆم دوو، سێجار هاتووم ماسیم خواردووە و گەڕاومەتە".

ئەحمەد جەبار، گەشتیارێکی دیکەیە کە لە کەلارەوە خۆی گەیاندووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماسیخواردن، ئەویش قسەی ئەوانەی دیکە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەبارەی ماسیی زرێبار قسەیان بۆ رووداو کردووە و دەڵێ  "ئێمە، لە کەلارەوە هاتووین بۆ ئێرە. ماسییەکی زۆرخۆشیان هەیە، بۆیە ئێمەش بڕیارماندا ماسییەکەی بخۆین".

11 جۆری خۆجێی و هاوردەکراوی ماسی لە زرێباردا دەژین. لە وەرزی راودا، زیاتر لە 200 تۆن ماسی تێدا راودەکرێت، کە بەشێکی بەرچاوی لە خواردنگەکانی زرێبار دەبرژێندرێن.

بەرپرسانی مەریوان ئاماژە بە سەردانی زیاتر لە 110 هەزار گەشتیاری هاوینە دەکەن، کە نزیکەی 25 هەزار گەشتیاریان لە شارەکانی باشووری کوردستانەوە هاتوون.

تەمەنی دەریاچەی زرێبار بۆ زیاتر لە 20 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. دەریاچەیەک کە لەداوێنی زنجیرە چیای زاگرۆس هەڵکەوتووە و بەبڕوای خەڵکی ناوچەکە، شارێکی دێرین و هەزاران ئەفسانەی لەنێو خۆیدا حەشارداوە. نۆ ساڵ لەمەوپێش دەریاچەی زرێبار، وەکو 102ـەمین میراتی سرووشتیی ئێران تۆمارکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە