رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق وەک "هێرش بۆ سەر خاکی" ئێران و "هەڵەی" حکومەتی ئیسرائیل لە قەڵەم دا و گوتی، دەبێت ئیسرائیل "سزا بدرێت و سزاش دەدرێت."
عەلی خامنەیی، ریبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-4-2024) لە گوتاری رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە تاران گوتی، "رژێمی زایۆنی هەڵەیەکی دیکەی خستە سەر هەڵەکانی، ئەویش هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران بوو لە سووریا. کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانە لە هەر وڵاتێکدا وەک خاکی وڵات دادەنرێت. کاتێکیش هێرش دەکرێتە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، واتە هێرشیان کردووەتە سەر خاکی ئێمە."
رۆژی 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و حەوت کەس لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی ئێران کوژران، لەوانە محەممەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان.
حکومەتەکانی ئێران، سووریا ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل نە ئەنجامدانی ئەو هێرشەی پشتڕاستکردووەتەوە و نە رەتی کردووەتەوە.
محەممەدڕەزا زاهیدی، کەسایەتییەکی نزیک لە رێبەری ئێران بوو و پێشتریش عەلی خامنەیی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە کە بە جۆرێک وەڵامی ئیسرائیل دەدرێتەوە لە کردەی خۆی "پەشیمان" بێتەوە.
لە رۆژانی رابردووشدا بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل کردووە.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە رۆژی دووشەممە لە سووریا بوو، گوتی، "بێگومان رژێمی زایۆنی سزا دەدرێت و وەڵامێکی پێویست و تووندی دەدرێتەوە."
یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێرانیش رۆژی یەکشەممە لە گوتارێکدا گوتی، هیچ باڵیۆزخانەیەکی ئیسرائیل "ئاسایشی نابێت و هەربۆیەش تاوەکو ئێستا لە ترسی [تۆڵەسەندنەوە] 28 باڵیۆزخانەی رژێمی زایۆنی داخراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ