لە ئاسمانی شارێکی ئێران ژمارەیەک مووشەک دەتەقنەوە

10-01-2024
سینا سۆما
تەقینەوەی مووشەکەکان
تەقینەوەی مووشەکەکان
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

لە ئاسمانی شاری چەبەهار لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران کە دەکەوێتە سەر دەریای عومان، چەند مووشەکێک تەقینەوە و دووکەڵێکی سپی ئاسمانی ناوچەکەی گرتەوە. قایمقامی شارەکە دەڵێت، لە دەریای عومان مانۆڕی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بەڕێوەدەچێت و مووشەکەکان لە چوارچێوەی ئەو مانۆڕەدا هەڵدراون، داواش لە خەڵک دەکات نیگەران نەبن.
 
بەپێی ئەو زانیارییەنەی لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2024) لە ئاسمانی بەندەری چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، کە دەکەوێتە سەر دەریای عومان، چەند مووشەکێک تەقیونەتەوە و دووکەڵێکی سپی ئاسمانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
چەند گرتەیەکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن میدیای ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، کە چەندین مووشەک لە ئاسمانی ناوچەکە دەبینرێن، هەروەها مووشەکێک لە نزیک رێگەیەکی سەرەکیی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان دەکەوێتە خوارەوە و دەتەقێتەوە.
 
رووداوەکانی ئەمڕۆی چابەهار، بوونە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەراوکێ لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا.
 
جەواد سپاهی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان و قایمقامی چابەهار لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران گوتی "مانۆڕی سەربازیی هێزە دەریایی سوپای پاسداران بە ناوی پێغەمبەری مەزن لە چابەهار بەڕێوەدەچێت، لە ئەنجامی هەڵدانی مووشەکەکاندا، دوو مووشەک لە ئاسمان تەقینەوە و دووکەڵەکانیان بڵاوبووەتەوە." داوای لە خەڵک کرد، نیگەران نەبن.
 
ئاژانسی هەواڵی مێهرنیوز کە ئاژانسێکی نیمچەفەرمیی ئێرانە، لە هەواڵێکدا راگەیاندووە، لە چوارچێوەی مانۆڕی سەربازیی هێزی دەریای سوپای پاسداراندا کە لە دەریای عومان بەڕێوەدەچێت، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەکەدا چالاک کراوەوە و دەنگی تەقینەوەکان و ئەو دووکەڵە سپییەی کە لە ئاسمانی ناوچەکە هەیە، بە هۆی چالاککردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە