رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران شیاوبوونی شەش کەسی بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە پەسند کرد.
لەنێو 80 کەس کە ناویان بۆ بەربژێربوون لە خولی 14یەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران تۆمار کردبوو، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریی ئەو وڵاتە شیاوبوونی محەممەدباقر قالیباف، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، مەسعود پزشکییان، مستەفا پوورمحەممەدی و ئەمیرحوسێن قازیزادەی هاشمی پەسند کرد.
لەو شەش کەسە پێنجیان نەریتخواز و یەکێکیان ریفۆرمخوازە. محەممەدباقر قالیباف، سەعید جەلیلی، ئەمیرحوسێن قازیزادەی هاشمی، عەلیڕەزا زاکانی و مستەفا پوورمحەممەدی لە بەرەی نەریتخوازان و مەسعود پزشکییان لە بەرەی ریفۆرمخوازانە.
مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشوو؛ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لە کابینەی حەسەن رووحانی لە دیارترین ئەو کەسانەن شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە.
چوار پەرلەمانتاری پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ناویان بۆ بەربژێربوون لەو هەڵبژاردنە تۆمار کردبوو، کە شیاوبوونی هەموویان رەتکراوەتەوە.
قودرەتعەلی حشمەتییان، پەرلەمانتاری پێشووی سونقور و سەرۆکی حیزبی میانڕەویی ئێران؛ شەهریار حەیدەری، پەرلەمانتاری پێشووی قەسری شیرین و گییەڵان؛ حوسێن گروسی، پەرلەمانتاری پێشووی خەڵکی بیجاڕ؛ عەبدولڕەحیم بەهاروەند، پەرلەمانتاری پێشووی خوڕماوا و ئیبراهیم عەزیزی، پەرلەمانتاری پێشووی کرماشان ناوی خۆیان بۆ بەربژێربوون تۆمار کردبوو.
لە سبەی دووشەممەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ