رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا ئاگادار بوو و حکومەتی سووریاشی لەوە ئاگادار کردەوە.
عەباس عێراقچی دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا سوپای سووریا بوو کە بەرگری نەکرد، ئەگەر سوپای سووریا شەڕی کردبا، تەنانەت حەلەبیش نەدەکەوت".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و گومانی ئەوەی پێشهاتەکان دەرئەنجامی رێککەوتنێکی نهێنی و پشت پەردە بووە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "پێم وایە هەموو شتێک روونە. شیکاری و هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەگیرێتەبەر. ئێمە ئاگامان لە پێشهات و جموجۆڵەکانی ئیدلب بوو، حکومەتی سووریاش دەیزانی و زانیارییەکانی پەیوەست بەو بابەتەمان دا بە حکومەت و سوپای سووریا".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "بێتوانایی سوپای سووریا لە بەرپەرچدانەوەی ئەم جوڵەیە و خێرایی پێشهاتەکان لە سوریا جێگەی سەرسوڕمان بوو و خودی بەشار ئەسەد سەبارەت بە ئەدای سوپاکەی لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان گلەیی هەبوو".
عەباس عێراقچی گوتی، "لەو دیدارەی کە من و بەڕێز لاریجانی لەگەڵ بەشار ئەسەد کردمان، ئەو خۆیشی لە چۆنیەتی ئەدای سوپای سووریا تووشی سەرسووڕمان ببوو و گلەیی هەبوو. دیاربوو تەنانەت لە نێو حکومەتی سووریاش شیکارییەکی دروست بۆ دۆخی سوپای سووریا نەبوو".
عێراقچی هەروەها دەڵێت، "پێموایە سوپای سووریا زیاتر خەریکی شەڕی دەروونی بوو نەک ئەوەی لە مەیدان شەڕ بکات. ئەو پڕوپاگەندە و بانگەشانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کران، کاریگەرییان هەبوو لە کەمکردنەوەی پاڵنەرەکانی سوپای سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوە". دەشڵێت، "ئەمە نەک هەر بۆ ئێران چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵکو بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەش ئەم خێراییە لە پێشهاتەکان چاوەڕواننەکراو بوو".
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارت بە دۆخی نوێی سووریا دەڵێت، "پڕۆژە و دیزاینێکی پشت پەردەی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەبوو بۆ ئەوەی بەرەی مقاوەمە تووشی کێشەی یەک لە دوای یەک بێت".
سەبارەت بە ناردنی هێز لە لایەن ئێرانەوە بۆ سووریا و عێراق لە ساڵانی رابردوو، عەباس عێراقچی روونیکردەوە، ئەو کات بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی داعش لە ناوچەکە و لە سەر داوای فەرمیی حکومەتی سووریا و عێراق، ئێران هێزی سەربازی ناردە ئەو وڵاتانە، "بێگومان لەسەر داوای حکومەتەکانی عێراق و سوریا، ئێران رۆڵی سەرەکی لە شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و سووریادا بینی و ئێمەش هێزی سەربازیمان نارد. بێگومان ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ئاسایشی خۆمان بوو و هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ ئێمە کە ناچار بووین لە دەرەوەی خاکی خۆمان رووبەڕووی داعش ببینەوە".
سەبارەت بە دۆخی باڵیۆزخانەی سووریا لە ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، "چاوەڕێین بزانین چ حکومەتێک لە سووریا دادەمەزرێت، ئەگەر بگەینە ئەو خاڵەی کە دان بەو حکومەتەدا بنێین کە لە دیمەشق دادەمەزرێت، ئێمە باڵیۆزخانەی سووریا لە تاران رادەستی دەکەین، بێگومان تا ئەو کاتە باڵیۆز و کارمەندانی ئێستا لە باڵیۆزخانە جێگیر دەبن".
بۆ دۆخی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقیش، عەباس عێراقچی گوتی، "لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان لە سووریا قسەمان کرد سەبارەت بە ئاسایشی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەمان و شوێنە پیرۆزەکانی سووریا، ئەوان گەرەنتییان پێداوین کە ئەم شوێنانە دەپارێزن. هەڵبەت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەندێک کەس چوونەتە ناو بینای باڵیۆزخانەکەمانەوە، بەڵام دیمەنەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم چوونە ژوورەوەیە بە رێکخراوەیی نەبووە و لە لایەن کەسانی چەکدارەوە ئەنجام نەدراوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیاری ئایا لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا هیچ پەیامێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ئاڵوگۆڕکراوە یان نا، دەڵێت: "ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکا شتێکی نوێ نییە و هەمیشە بوونی هەبووە و تەنیا پەیوەندی بە سووریاوە نییە، پەیوەندی بە پرسگەلێکی جۆراوجۆرەوە هەیە کە پێویستە هەردوولا ئاگاداربن بۆ ئەوەی تووشی لێکتێنەگەیشتن نەبنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ