رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند هیچ هاتن و رۆیشتنێک کاریگەری لە بەرنامەی ئەتۆمییان ناکات و ناگۆڕێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەم) محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، "پیشەسازیی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەموو ئەو دوژمنایەتیانەی لەگەڵیدا دەکرێت، بەشێوەیەکی ناوخۆیی بەرەوپێش دەچێت."
محەممەد ئیسلامی گوتی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران کار بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانی، بەرژەوەندی و ئامانجەکانی دەکات، هیچ هاتن و رۆیشتنێک (مەبەستی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە) کاریگەری لە بەرنامەی ئەتۆمیمان ناکات و ناگۆڕێت."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا راگەیاند.
پێدەچێت ئەم لێدوانە دوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ بێت لە کاتی دەنگداندا کە لەبارەی ئێرانەوە گوتی "مەحاڵە رێگە بدرێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. ئێمە نامانەوێت زیان بە ئێران بگەیێنین؛ بەڵام رێگە نادەین ئەم وڵاتە بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."
سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیی ئێران راشیگەیاند، رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ماوەی داهاتوودا سەردانی ئێران دەکات و ئامادەکاری بۆ سەردانەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ لە یەکەم کاردانەوەی تاران بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، ئەم بابەتە "هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە." و "گرنگ نییه کێ دەبێته سەرۆکی ئەمریکا، هیچ گۆڕانکارییەک له بژێویی خەڵکدا روونادات و پێشتریش ئەوە لە ئێران پێشبینی کراوە."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەروەها گوتی، سیاسەتە گشتییەکانی ئەمریکا و ئێران جێگیرن و ئەم پرسە بە هەڵبژاردنی کەسەکان گۆڕانکاریی گەورە و جدیی بەسەردا نایەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ