رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، کێشەی کەمیی ئەمبووڵانسیان هەیە و بەپێی بەدواداچوونەکانیان، پێویستیان بە لانیکەم 5000 ئۆتۆمبێلی لەو جۆرەیە، بۆئەوەی بتوانن بە باشی کارەکانیان بکەن.
جەعفەر میعادفەر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئێران لە رێوڕەسمی رادەستکردنی 94 ئەمبووڵانس بە فەرمانگەی فریاکەوتن لە شاری کەرەج رایگەیاند، کێشەی کەمیی ئەمبووڵانس لەو وڵاتە هەیە، جگە لەوەش زیاتر لە 3000 ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە زۆر کۆنن و پێویستیان بە گۆڕینە.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئێران گوتی، "پێویستمان بە لانیکەم 5000 ئەمبووڵانسە بۆئەوەی بتوانین بە باشی کارەکانمان بکەین."
بە گوتەی میعادفەر، لە 9 مانگی رابردوودا 200 ئەمبووڵانسی نوێ رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتن کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارین بە پشتیوانیی حکومەت و کەسانی خێرخواز، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ (سێ مانگی دیکە) ژمارەی ئەو ئەمبووڵانسە نوێیانەی رادەستی فریاکەوتن دەکرێن، بگاتە 500 ئۆتۆمبێل."
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئێران ئاماژەی بە کەمبوونەوەی تێچووی هاوردەکردنی ئەمبووڵانس بەهۆی لێخۆشبوونی گومرگییەوە کرد و رایگەیاند: "هاوردەکردنی هەر ئەمبووڵانسێک بە تەواوی ئامێرەکانییەوە نزیکەی 6 ملیار و 500 ملیۆن تمەنی تێدەچێت، بەڵام بەم لێخۆشبوونانە ئەو تێچووە بۆ 3 ملیار تمەن کەم دەبێتەوە."
میعادفەر دەڵێت، هاوردەکردنی ئەمبووڵانسی نوێ بە ئامێری پزیشکی پێشکەوتوو جگە لەوەی دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەمبووڵانس لە وڵات، یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییە فریاگوزراییەکان لە رووی جۆرییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ