ئێران
بەهۆی کورتهێنانی گاز و کارەباوە، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە، قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان لە تاران و چەندان شاری دیکە داخران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دابین نەکردنی سووتەمەنییەوە 80 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران لەکارکەوتوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2025 ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە، لە کۆی 600 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، 80 وێستگە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە لەکارکەوتوون، کە 8000 مێگاوات کارەبایان بەرهەم دەهێنا، کە دەکاتە 14%ی کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو لە هەموو وێستگەکانی ئێران.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران رایگەیاندووە، لە سێ رۆژی رابردوودا، بەکارهێنانی گاز بۆ کەرتی نیشتەجێبوون گەیشتە بەرزترین ئاستی ئەم ساڵ. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر سەرما هەروا بەردەوام بێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، کێشەی زۆر گەورە لە دابینکردنی گاز بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت."
ئەحمەد مەهدەوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی پیشەسازیی پێترۆکیمیایی لە ئێران دەڵێت، "بەهۆی کورتهێنانی گاز و نەبوونی سووتەمەنی لە کۆی 68 کارگە، 12 کارگەی پێترۆکیمیایی لەکارکەوتوون." هۆکارەکەشی بۆ زۆربوونی بەکارهێنانی گاز لە کەرتی نیشتەجێبوون گەڕاندەوە.
بەهۆی کورتهێنانی گاز و کارەباوە، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە، قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان لە تاران و چەندان شاری دیکە داخران. بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی خوێندنی باڵاش بڕیاری داوە لە هەموو زانکۆکاندا تاوەکو کۆتایی ئەم کۆرسە، بە شێوەی ئۆنلاین وانەکانیان بخوێنن.
وەزارەتی نەوتی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی گاز لە کەرتی نیشتەجێبوون بەراورد بە ساڵی رابردوو، 17% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 600 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا، کە ئەمەش 71%ی کۆی بەرهەمی گازی ئێرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ