رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری زیادکردنی قەرزی بانکی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجانی دڵخۆش کردووە، بەڵام مەرجە قورسەکانی بانکەکان لەکاتی وەرگرتنی قەرزەکە، نائومێدی کردوون.
بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممەوە لە هەموو بانکەکان جێبەجێ دەکرێت، گەنجان دەتوانن 70 ملیۆن تمەن قەرز بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە بانک وەربگرن. بڕیارەکە دوای مشتومڕێکی زۆری حکومەت و پەرلەمانی ئێران جێبەجێ کرا و بیانووی پەرلەمانتارانیش ئەوەبوو کە گەنجان بەهۆی خراپیی باری ئابووری، ژیانی هاوژینی پێکناهێنن.
هاووڵاتییەک دەڵێت "ئەوەی بۆ هەر گەنجێک لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا گرنگە، ئابوورییەکی باشە. بەم دۆخە خراپە ئابوورییەوە کەس ناتوانێت بیر لە هاوسەرگیری بکاتەوە. لەم دۆخەدا هەر ئەوەندە گەنجێک بتوانێت ئاهەنگێکی سادە بۆ هاوسەرگیرییەکەی بگێڕێت، کارێکی گەورەی کردووە، چ بگات بەوەی بیر لە ئاهەنگی گەورە و بابەتی دیکە بکاتەوە".
پێشتر بڕی قەرزی بانکی بۆ هاوسەرگیری 50 ملیۆن تمەن بوو، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەموو جۆرە کەلوپەلێکی نێوماڵ، کرێی خانوو و هەر جۆرە پێداویستییەکی دیکە، رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تاوەکو ئاستێکی زۆر دابەزیبوو. حکومەت سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئەو قەرزە، بڕیاری ئاسانکاریی بۆ گەنجان لەکاتی وەرگرتنی قەرزەکە لە بانکەکانیش دا.
ئەمیر ئابادی فەراهەنی، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت "بانکەکان دەبێت بۆ دانی ئەو قەرزە بە گەنجان، ئاسانکاری بکەن. دەبێت تەنیا داوای یەک کەفیل بکەن، یان لە بەشە هاوکاریی حکومیی گەنجان بگەڕێننەوە".
ئەو بڕیارەش وەکو زۆر بڕیاری دیکە، لەلایەن بانکەکانەوە پشتگوێخراوە و بانکەکان بۆ پێدانی ئەو قەرزە بە گەنجان داوای دوو کەفیل دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەندە بەڵگە و سفتە دەخەنە بەردەستی گەنجان، کە لەوە ناچێت هیچ گەنجێک حەز لە وەرگرتنی ئەو قەرزە بکات.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت "چووم بۆ بانک، سەرەڕای ئەوەی داوای دوو کەس وەکو کەفیل دەکەن، کە دەبێت لەو بانکە هەژماریان هەبێت، ئەم هەموو کاخەزەشیان پێداوم و لەوە ناچێت دوو ساڵی دیکەش دەستم بە قەرزەکە بگات".
رێکخراوی خۆشبژێویی ئێران دەڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی خراپیی باری ئابووری، رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش 40% دابەزیوە. بە گوتەی رێکخراوی وەرزش و گەنجانی ئێرانیش 37%ی گەنجانی ئەو وڵاتە، سەرەڕای چارەسەرکردنی هەموو کێشە مادییەکانیش، حەزیان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش نییە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هاوکاریی حکومەت و خێزانەکان بۆ گەیشتنی گەنجان بە خەونەکانیان.


.png&w=3840&q=75)